ھەولێر: ماراسۆنی ڕاکردن بەرەو ئاشتەوایی بەڕێوەچوو

ھەولێر-KDP.info - بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە ژێر ناونیشانی "راکردن بەرەو ئاشتەوایی نیشتیمانیی" بە بەشداری زیاتر لە چوار ھەزار کەس بەڕێوەچوو.
ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە ژێر ناونیشانی "راکردن بەرەو ئاشتەوایی نیشتیمانیی" بە بەشداری زیاتر لە چوار ھەزار کەس بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن دەستیپێکرد و وەرزشوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کە توانییان بەسەر سێ ماوەدا بەشدارببن و تیمی یەکەم ماوەی ٥ کیلۆمەتری و تیمی دووەم ماوەی ١٠ کیلۆمەتری و تیمی سێیەم ماوەی ٤٢ کیلۆمەتری.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن (کاکە ئەحمەد جەمیل) تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە و گوتی: "ئەوە پێنجەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتییە لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدرێت بە بەشداری زیاتر لە ٤ ھەزار وەرزشوان کە تێیدا سێ مەودا ھەیە بۆ راکردن ئەوانیش مەودای ٥ کیلۆمەتری و ١٠ کیلۆمەتری و ٤٢ کیلۆمەتری و دواتریش براوەکانی ئەو ماراسۆنەیە خەڵاتی ئەو پێشبرکێیە وەردەگرن".
( جەمیل ) ئاماژەی بەوەشکرد کە جگە لە وەزرشوانە ناوخۆییەکان، چەند وەرزشوانێک لە دەرەوەی عێراقیش ھاتوون، ژمارەیەکی زۆریش وەرزشوانان لە وڵاتانی ئەورووپا و کەنەدا و ئەمەریکاوە ھاتوون."
جێی ئاماژەیە یەکەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە شاری ھەولێر لە ساڵی ٢٠٠٩ بەڕێوەچوو، بەمەش ئەمڕۆ پێنجەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
فایزە کۆیی




