٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زۆر شت له‌باره‌ی نووسراوه‌ هەواڵگرییه‌كه‌وه‌؛ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر کەرکووک پیلانێکی سیاسی بوو

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info-  ڕۆژنامەنووسێک نووسراوێکی هەواڵگریی عێراقی بڵاو کردووەتەوە و زانیاریی وای تێدایە کە داعش هێرش دەکاتە سەر کەرکووک و دەیەوێ دەستی بەسەر دابگرێ؛ ڕۆژنامەنووسەکە دوای کردە تیرۆریستییەکەی کەرکووک نووسراوەکەی بڵاو کردووەتەوە و هێرشی پێکردووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک و بە کەمتەرخەمی زانیون، کەچی ڕێککەوتی نووسراوەکە هیی 6ی ئەم مانگەیە و کردە تیرۆریستییەکەی داعشیش لە کەرکووک لە 21 ئەم مانگەدا ڕووی دا، بۆیە چاودێرانی سیاسی و ئەمنی دەڵێن، ئەمە پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانییە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەم ڕۆژنامەنووسە بکرێ، ده‌بێ بزانرێ چۆن دەستی خستووە و بۆچییش دوای کردەکە هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک.


دەستپێک
بە گوێرەی یاسا، ڕۆژنامەنووس سنووری کارکردنی تا ئەو شوێنە بڕ دەکات کە چوارچێوەیەکی یاسایی و مەنتقی کارکردنە لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی زانیارییەکان، بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بەر لەوادەی ڕوودانی کردەیەکی تیرۆریستی سەرچاوەی زانیاری لایە و نایگەیەنێ به‌ لایه‌نی پێوه‌ندیدار و دواتریش به‌مه‌به‌ستی شکاندن و پەلاماردانی دەزگا ئەمنییەکان دەقی سەرچاوەکە بڵاو دەکاتەوە، ئەوا ئەو کارە دەچێتە خانەی بەزاندنی هێڵی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییه‌وه‌.

بە گوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، لە  ماددەی چوارەم بڕگەی 4دا هاتووه‌، ئەگەر کەسێک، ئەو کەسەی بە ئەنقەست هەواڵێک یان ڕوونکردنەوەیەک یان پڕۆپاگندەی تۆقێنەر بڵاو بکاتەوە، هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بینراو بیسترا و خویندراو یان ئەلیکترۆنی بە هەڵه‌ وەریبگرێت، یان بەکاریان بێنێت و بەیاناتی ئەوتۆ بڵاو بکاتەوە، ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری کە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو هاووڵاتیانه‌وه‌، به‌ هەڕەشە لە قەوارەی سیاسیی هەرێم ده‌زانرێ.

هەمووان شاهێدی ڕووداوەکەی کەرکووک بووین کە کردەیەکی تیرۆریستی بوو،  لە 21ی ئەم مانگەکەدا تیرۆریستانی داعش دزەیان کردە نێو شاری کەرکووک و وەک دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن، زیاتر لە سەد چەکدار بوونە و پشتیان بە شانەی نووستووی داعش بەستووە، بەڵام به‌ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەم بابەتە، دیوێکی دیکەیشی هەیە و چاودێران پێیان وایە پیلانێکی سیاسییە لە پاڵ کردەیەکی تیرۆریستیدا.
کەسانێک کە لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسیش هەیە، لە 6/10/2016 نووسراوێکی هەواڵگریی عێراقیان دەست خستووە و تێیدا نووسراوە کە داعش هێرش دەکات و ژمارەیشیان 20 کەسە و دەیەوێ دەست بەسەر کەرکووکدا بگرێ، بەڵام لەسەر ئەم نووسراوە بێدەنگی کراوە و دوای سێ ڕۆژ لە پەلاماردانی کەرکووک ئەم نووسراوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئەمە هەواڵێکی پێشوەختە بووە و زانراوە کە داعش دێتە نێو کەرکووکەوە، لێرەوە دوو بابەتی سەرەکی هەیە کە ئایا ئەوانەی ئەم نووسراوەیان پێ گەیشتووە، بۆچی لە بابەتێکی ئاسایشی نیشمانی و نەتەوایەتی بێدەنگی دەنوێنن؟ بۆچی دوای پەلاماردانی کەرکووک ئەوجا دێن دەڵێن ئەوەتا نووسراو و کەچی هەندێ لە دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووکیش دەڵێن نووسراوەی لەو چەشنەیان پێنەگەیشتووە و لێی ئاگادار نین.

پارتی لە کەرکووکدا نووسراوەکەی نەبینیوە
ئاسایشی پارتی لە کەرکووک کە ژمارەیەک شەهید و برینداری لە کردە تیرۆریستییەکەی داعش بۆسەر کەرکووک بەخشییە شارەکە، دەڵێ، ئەم نووسراوەیان نەبینیوە و لایان جێگەی سەرسوڕمانە کە ڕۆژنامەنووسێک ئەمەی دەستخستووە و بێدەنگی لێ نواندووە.
(هەڵۆ نەجات) بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە كەركووک بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەهیچ شێوەیەك ئەم نووسراوە بە من نەگەیشتووە و هیچ خەبەرێكمان لەم نووسراوەدا نییە.
(هەڵۆ نەجات) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی عێراقی تائێستا هەمووی درۆ دەرچووە و ئەگەر تەنها باسی زانیارییەكانی ئەم دوو ڕۆژەی دووایی بكەین كە ناردوویانە، جێگای سەرسورمانن و باسی شتی زۆر سەیر و دوور لە ڕاستی دەكەن. هەر بە ڕێكەوتیش ئەم بابەتە وا ڕێك كەوتووە، ئەگەرنا ئەوان وەها زانیارییەكیان نەبووە تا بە ئێمەشی بدەن.
ئەوەی کە جێگەی تێبینییە ڕۆژنامەنووسێک دەڵێ: "ئەوەتا نووسراو هەیە لە شەشی مانگەوە، هه‌ر بە هۆی ئەو نووسراوەیشه‌وه‌ هێرشی کردووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک، لە وەڵامدا (هەڵۆ نەجات) دەڵێ: "ڕاسته‌ ڕۆژنامه‌نووس سه‌رچاوه‌ی زانیاری له‌ هه‌ندێكی ده‌زگاكاندا هه‌یه‌ و نووسراوەیشیان لێیانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێ. به‌ڵام دەبێ لێكۆڵینەوەی ورد لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسەشدا بكرێت و ڕوون ببێتەوە مەبەستی چییە لە شكاندنەوەی دەزگا ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگە، كارەساتە ئەمە ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیر بێت. ئەگەر ئه‌و ئەوەندە بوێره‌، با بێ و ڕۆژێك لە سەنگەرەكانی كەركووك و بازگەكانیدا ئێشك بگرێت، نەك لە سلێمانییەوە قسەی زل بكات."

زانیارییەکانی هەواڵگریی عێراق دروست نین
دەزگا هەواڵگرییەکەی عێراق چەند جارێک زانیاریی وەهای داوە کە تیرۆریست دێن، کەچی هیچیش ڕووی نەداوە، بەڵام گومان لەوە دەکرێ ئایا نووسراوی لەو چەشنە و دیاریکردنی شوێنی تیرۆریستان کە ڕیککەوتی نووسراوەکە بەر لە کردەکە بێ بە چەندین ڕۆژ و، دواتر بێدەنگبوون لێی و لە تەوقیتێکیشدا بڵاو بکرێتەوە کە هێرشی پێ بکرێتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک، ئەمە بە جێی گومان دەزاندرێ، پێوەست بەم پرسە، (د.محەممەد خورشید) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم هێرشە تیرۆریستییەی كرایە سەر شاری كەركووك هیچ شوێنێكی حكوومی و ئەمنی و حزبی نەكەوتووەتە بەر دەستی تیرۆریستانی داعش و نەیانتوانیوە ئامانجەكانیان بپێكن، ئەمەش یەكێكە لە نیشانەكانی ئامادەكاریی دەزگا ئەمنییەكانی شاری كەركووك كە هیچ شوێنێك دەستی بەسەردا نەگیرا و زۆر بە توندی ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە. هەركەسێكیش سووكایەتیی بە دەزگا ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگە بكات، سەگ بە مانگەشەو وەڕینە."
(خورشید) ئاشكرایشی كرد: "ڕۆژانە دەزگای هەواڵگریی عێراق 20 بۆ 25 نووسراو ڕەوانە دەكات بۆ دەزگا ئەمنییەكانی خۆی لەسەر ئەم هەواڵانەی كە پێی دەگات، بۆچوونی خۆی ده‌خاته‌ ڕوو، بەبێ ئەوەی كات دیاری بكات. لەبەر ئەوەیش كه‌ نووسراوەكان بەو رێژە زۆرە ڕەوانەی دەزگای پۆلیس دەكات، هێندە پشتیان پێ نابەسرێت."

هه‌ر پێوه‌ست به‌م پرسه‌، (دڵشاد پیرۆت) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاوشێوەی ئەو نووسراوەی کە ڕۆژنامەنووسێک بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژانە ئەم نووسراوانە دێنە كەركووك كە گوایە چەند تیرۆریستێك بەنیازی كردەوەی تیرۆریستین، بەڵام هیچ شتێكی دەقیق و ڕەسمی نەهاتووەتە بەر دەستمان باسی لەو كردەوەیە كردبێت كە حەفتەی ڕابردوو لە كەركووک ڕووی دا. جێی گومانە ڕۆژنامەنووسێک نووسراوێكی هەواڵگریی وای دەست كەوتبێت کە کوردە، ئاخر ڕۆژنامەنووسێك چۆن نووسراوێكی وای دەست دەكەوێت ئەگەر پەیوەندی بە لایەنێكه‌وه‌ نەبێت. دیارە خۆیشی سەر بە ئه‌وانە."

(پیرۆت) ئاماژەی دا: "ئەو تیرۆریستانەی هێرشیان كردە سەر شاری مووسڵ و داگیریان كرد، زۆر لەو ڕێژەیە كەمتر بوون كە هێرشیان كردە سەر شاری كەركووک، هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و بەتایبەتیش ئاسایشی پارتی لە كەركووك، ڕۆرڵێكی زۆر باش و كاریگەریان هەبوو لە وه‌ڵامدانەوەی تیرۆریستان و شكستیان پێ هێنان. باشترە ئەم برادەرە بێتە كەركووک دابنیشێت و ڕاستییەكان ببینێت، ئینجا قسەی وابكات."

پێویستە ڕۆژنامەنووسی وەها و کەسانی وەها لیکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێ
(دانا شەهیدجەزا) ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "با جارێ ڕوون ببێتەوە كە ئەم نووسراوەی ئەم ڕۆژنامەنووسە بڵاوی کردووەتەوە هەیە یاخود نا، ئەگەریش دەركەوت ئەم نووسراوە ڕاستە و درکێندراوە و گەیشتوەتە دەست ئەم برادەرە، دەبێ دەزگا پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوە بكەن و سەرەداوی درکاندنی ئەم نووسراوە دیاری بكەن. چونكە درکاندنی نووسراوی وا نهێنی، كارێكی خەتەرناكە."

(دانا شەهیدجەزا) جەختیشی كردەوە: "ڕۆژنامەنووس دەتوانێ بەدوای هەواڵ و بابەت و دۆكۆمێنت بكەوێت و بڵاوی بكاتەوە، بەڵام بە مەرجێك ئەم بابەت و نووسراوانە نابێ زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیەنێت و نهێنیی پلانی ئەمنی تێدا بێت و لە چوارچێوەی میتۆدی ڕۆژنامەنووسی دەرچووبێت، كه‌چی ئەم نووسراوەی ڕۆژنامەنووسەکە بڵاوی کردووەتەوە بابەتی نهێنی لەخۆ گرتووە و دەبوو بڵاو نەكرێتەوە. دوای ئەوەی دەزگا پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیان كرد، دەردەكەوێ ئەم ڕۆژنامەنووسە چ پەیوەندییەكی هەیە بەم نووسراوەوە و، ئایا دەزگا هەواڵگرییەكان ئەم نووسراوەیان پێی داوە؟ ئایا لەسەر چ ئەساسێك ئەم نووسراوەی پێ دراوە؟ چونكە ئەمەی كە كراوە كاری ڕۆژنامەنووس نییە و دەبێ ڕوون ببێتەوە لە كوێی دەست كەوتووە. چونكە  ئەگەر ئەم نووسراوە دزە بكاتە دەست ڕۆژنامەنووسێک، لەوانەیە دزە بكاتە دەست ناحەزانی گەلی كورد و زیانی گەورەیشی لێ بكەوێتەوە، چونكە ئێستا ئێمە لە شەڕداین و دوژمنی زۆرمان هەن."

عەمید سەرحەد: ئەم نووسراوەم نەبینیوە و پێیشمان نەگەیشتووە
(عەمید سەرحەد قادر) بەرپرسی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كه‌كووك بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "من كە بەرپرسی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كه‌ركووكم ئەم نووسراوەم نەبینیوە، مەگەر بۆ دەزگا ئەمنییەكانی ناو شار نێردرابێت. لەو هێرشەی تیرۆریستان بۆ سەر شاری كەركووك ئەوەی لە دەست هێزە ئەمنییەكان هاتبێت كردوویانە، ڕاستە شەهید و بریندار هەبوو زەرەر و زیانیش هەبوو، بەڵام ئەو هێرشەی كە لەسەر كەركووك بوو لەسەر هەر شارێكی تری عێراق بووایە داگیریان دەكرد، بەڵام تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجەکەیان بپێكن و هیچ شوێنێكیان پێ داگیر نەکرا لە شاری كەركووک."

(عەمید سەرحەد قادر) جەختیشی كردەوە: "من ئەو نووسراوەم نەبینیوە، بەڵام ئەگەر وابێ دەبێ لیژنەی ئەمنی و بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك ڕوونكردنەوە بدەن لەسەر ئەم بابەتە و، ڕوونی بكەنەوە كە چۆن ئەم نووسراوە دەست ڕۆژنامەنووسێك كەوتووە و دزەی پێكراوە!."

ئەوانەی سووکایەتیی بە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن خائینن
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو نووسراوەی باس دەكرێت زانیاریی هەواڵگریە و هەندێ كەس دزەیان پێی كردووە و دەست ئەو ڕۆژنامەنووسە كەوتووە. خۆ لیژنەی ئەمنی كۆمەڵێك دەزگای تێدایە و لە یەكێك لەوانەوە دزەی پێكراوە. لە راستیدا سەدان زانیاریی دەزگای هەواڵگریی عێراقی هاتوون و زۆر لەوەش گەورەتر بوونە و هیچیش ڕووی نەداوە و باتڵ بووە، خۆ پێنج بەرانبەری ئەم ڕێژەیەی لەم نووسراوەدا باس دەكرێت چەكدارەكان زیاتر بوون و، لەوشوێنانەیشه‌وه‌ ئەوان باسیان دەكرد چەكدارەكان نەهاتوون!."

(شاخەوان عەبدوڵڵا) جه‌خت ده‌كاتەوە: "هەر كەسێك سووکایەتیی بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی و خەڵكی كەركووك بكات، بێرێزە، خائینە، دەبێ خەڵكی كەركووک بیخاتە لیستی ڕەشەوە و تەنانەت ڕێگای نەدەن بێتە ناو كەركووکیشەوە و بەردباران بكرێت. ئەوانەی لە میدیاكانەوە سووکایەتی بە هێزە ئەمنییەكانی كەركووك و هێزی پێشمەرگە دەكەن، كە كه‌ركووك لێی دەقەومێ دەنگیان نییە، بەڵام كە سەركەوتنیش دژ بە پیلانی تیرۆریستان بەدەست دێ، لەبری پشتگرتن دژایەتیی دەكەن."


کردە تیرۆریستییەکەی کەرکووک گومانی گەورەی دروست کردووە
(نازم ھەرکی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی وای گوت: "بابەتی ھەواڵگریی ئەمنی جیایە لە ھەموو بابەتێکی تر، بابەتی کەرکووکیش گومانی تێدا نییە شتێكی تێدا هه‌یە، لە ڕووی ئیقلیمی و لە ڕوویی ناوخۆییشەوە مەترسیدارە، هه‌ڵبه‌ت دەبێت مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئه‌وه‌ی له‌ کەرکووکدا ڕووی دا بکرێت. خۆی زۆر جار لە بواری ئەمنیدا ئەگەر لایەنێک بییەوێـت دەست له‌ شتێکه‌وه‌ وه‌ربدات پێشەکی زانیاری دەدات، ھەرچەند خۆی پیلانەکە جێبەجێ دەکات، بەڵام لەوەوپێش زانیاریی درووست دەدات بۆئەوەی کە لە ئایندەدا کاتێک کە ئەوان شتێک دەکەن، بڵێن ئێمە زانیاریی پێشوەختەمان دابوو، ڕاستییه‌كه‌ی ئەمە جێگای گومانە کاتێک پیلانێکی وا دەبێت گومان لەو بابەتە دەکەم لە ڕووی ئاسایشییەوە، چونکە خۆی ئەگەر زانیاریی ھەواڵگری بدرێـت کە پیلانێکی وا بەڕێوەیە، ئەمە دووسەره‌یە و زیاتر داکۆکی لەسەر دەکەن، بەوەی کە ژمارەیەک شانەی داعش و تیرۆریستی دەیانەوێت پیلانێکی بەو جۆرە لە کەرکووک جێبه‌جێ بكه‌ن، کەواتە لێرە گومانێکی گەورە دروست دەبێت."
(هەرکی) کە ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و، ئەندامی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانیشە لە پەرلەمانی کوردستاندا، سەبارەت بەو ڕۆژنامەنووسانەی زانیاری هەواڵگری بڵاو دەکەنەوە و دەزگا ئەمنییەکانی پێ ڕەخنەباران دەکەن، دەڵێ: "کاتێک زانیاری لە پێش دەزگای ئاسایشه‌وه‌ دەکەوێتە دەستی ڕۆژنامەنووسێک، بۆ ئەوەیە کە خەڵکەکە بزانن کە ئەمان پێشتر شتێکی وایان گووتوە کاتێک شتێکیش ڕوو بدات ئەوان قسەیان دەبێت و دەڵێن، ئێمە پێشتر بڵاومان کردووه‌تەوە، بەڵام دەزگاكانی ئاسایش کەمتەرخەم بوونە، هه‌ڵبه‌ت پرسیار لێرەدا ئەوەیە وشەی (بۆچی؟) زۆر دەبێت و گومانی گەورە درووست دەکات، چونکە ڕۆژنامەنووسێک سەر كه‌ بەلایەنێکی سیاسییە، ئەی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکارەکانی تر بۆ ھیچ نازانن و تەنیا ئەوان نەبێت؟، نایشارمه‌وه‌ كه‌ بابەتی کەرکووک گومانێکی گەورەی بۆ من دروست كردووه‌ کە لە لێژنەی ناوخۆیی و ئەمنیم لە پەرلەمان.
بابەتی کەرکووک و ئەو پیلانەی بۆی دارێژرابوو، نابێـت بەو سادەیی و ئاسانییە تێپەڕێنرێت و، ده‌بێ هاوكات له‌گه‌ڵ لێپێچینەوە لە دەزگا ئه‌منییه‌كان، ئەو ڕۆژنامەنووسەش کە سەر بەلایەنێکی ساسییە و پێشتریش لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنییەوە له‌ هه‌وڵی ناشیرینكردنی وێنای قاره‌مانانه‌ی پێشمەرگە له‌به‌ر چاوی خەڵکی کوردستانی بووه‌، بە دڵنیایی بە دواداچوونێکی گرینگی دەوێت و، دوور نییه‌ هێرشه‌ی ناڕه‌واكه‌ی و بێبایه‌خكردنی ئه‌ركی نه‌ته‌وایه‌تیی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و زانیارییه‌ هه‌وڵگرییه‌كه‌ی، پەیوەندییان بەیەکەوە ھەبێـت.''

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایش گوتیشی: "خۆی دره‌نگخستنی گرتنەوەی حەویجە مه‌ترسییه‌ به‌سه‌ر كه‌ركووكه‌وه‌، ئەمەش گومانێکی تری گەورەیە و پەیوەندی بەو بابەتەوە ھەیە و بۆ ئەوه‌بوو کە ھەر دەمێک بیانەوێت ڕه‌وشی ئه‌منیی کەرکووک بشێوێنن و دەست بخەنە ناو کەرکووکەوە لە ڕووی ئاسایشی و لە ڕووی سیاسیشەوە، خۆ کردیشیان.''

(كه‌بیر) ڕوونی كرده‌وه: "کە لە نووسراوەکەی هه‌واڵگریی عێراقدا نووسراوە لە پێشدا له‌ ڕێی شوێنە بەرزەکانه‌وه‌ کۆنترۆڵی شارەکە دەکەن، تا ئەم ئاستە ئەو زانیارییە وردە دەدرێت ئەمە گومانە گەورەکەیە، ئەمە پیلانێکی دەستکردە و سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كه‌ خۆیان درووستیان کردووە، گومانی تێدا نییە. ئاخر كه‌ ئەگەر ئەوان نەیانکردبێ و یانیش ئاگادار نەبن، باشه‌ چۆنه‌ له‌و ورده‌كاریانه‌ ئاگادارن و بڵاویشی ده‌كه‌نه‌وه‌!، باوه‌ڕم وایه‌ كه‌ ئەمە دەلالەت لەوەدەکات کە ئاگایان لە پیلانەکە ھەیە، کاتێک پێشوەختە زانیویانە کە دەچنە ئەم جێگایانە بۆ سەرەتا ڕێیان لێنەگرت، بۆ بواریان دا هێنده‌ به‌ ئاسانی ئه‌و هه‌موو ڕێگایه‌ ببڕن و خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ كه‌ركووك، بۆ ڕێیان دا ئه‌و هه‌موو ھاونیشتیمانییه‌ و ئه‌ندامانی ھێزەکانی ئەمنی بریندار و شەھید ببن؟ بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت ئەمە دەستکردە و بە ڕاستی ئەوان ئاگایان لە ھەموو پلان و بابەتەکە ھەبووە، بۆیە نابێـت دەستبەداری ئەو بابەتە بن و لێکۆڵینەوەی وردی دەوێـت. به‌ باوه‌ڕی من، بابه‌تی بلاوكردنه‌وه‌ و دزه‌كردنی وه‌ها زانیاریێكی هه‌واڵگرییش، دیسان نابێ وا به‌ ساده‌یی تێپه‌ڕ ببێ."

لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێ
بۆ به‌رگرتن له‌ دووبارەنەبوونەوە و لێکۆڵینەوە لە پیلانەکە، (هەڵۆ نەجات) بەڕێوەبەرەی ئاسایشی کەرکووک ڕایگەیاند: "وەک ئاسایشی کەرکووک لێکۆڵینەوەمان کردووە و لێژنەمان داناوە، بەڵام ئاسایشی کەرکووک بەشێکە لە کۆی گشتی دەزگانی تری کەرکووک، لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوتووە کە جیاوازیی ئاسایشی ھەبووە، ئەم چەکدارانە لە دەرەوەی شار ھاتوونە ناو کەرکووکەوە و تا دەگەینە ئەنجامێک لێژنەکەمان لە دەزگای ئاسایش بەردەوام دەبێـت لە لێکۆڵینەوە، بەڵام بەگشتی کاری لێژنەی ئاسایشی پارێزگایە و بەتایبەت بەرپرسی لێژنەکە، کە لێژنەکە ڕاسپێرێ بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر چۆنیەتیی ھاتنی ئەم ھێزە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ھەماھەنگیمان ھەیە و سەیر دەکەین تابزانین لە کوێی دەزگا ئاسایشەکان ھەڵەیەک ھەبووە، ئەم نووسراوەش بەراورد بە نووسراوەکانی تر دەکەین کە بەردەوام بۆمان دێـت لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی بەغدا، بۆ دووبارەنەبوونەوەی وەھا پیلانێکی تر."

جێی ئاماژەیە (كه‌مال ڕئووف)ی سه‌رنووسه‌ری شار پرێس كه‌ به‌ ڕۆژمانه‌نووسی نزیك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌زاندرێ، نووسراوێکی هەواڵگریی عێراقی لەم ڕۆژانەدا بڵاو کردووەتەوە، زانیاریی وای لێ نووسراوە کە داعش بە 20 کەسەوە لەم نزیکانە هێرش دەکاتە سەر کەرکووک و ڕێککەوتی نووسراوەکە 6/10/2016یە، کەچی ئەم ڕۆژنامەنووسە دوای کردە تیرۆریستییەکەی کەرکووک بڵاوی کردووەتەوە و دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووکیشی بە کەمتەرخەم ناو بردووە.

سەرباز واحید و فایزە کۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار