"مالیکی هەوڵی نانەوەی فیتنە دەدات..بۆی نییە باسی سنووری پێشمەرگە بکات"

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارانی کورد ڕەخنە لە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەگرن بەوەی هەوڵی دروستکردنی فیتنە لەناو پێکهاتەکانی عێراق دەدات.
لێدوانەکانی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نیگەرانیی لێ دەکەوێتەوە، بە تایبەت باس لە کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات لە سنووری خۆی و، هێرشکردنە سەر کەسایەتیی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
د. ماجدی شنگالی، کەسایەتیی ئێزدی و پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە نووری مالیکی تێ ناگەین بۆچی لەم کاتە هەستیارەدا کە پێشمەرگە بە درێژاییی ١٢٠٠ کیلۆمەترە بەرانبەر بە داعش ڕاوەستاوە کە بەهۆی سیاسەتی ئەوەوە هاتوون بەرۆکی پێشمەرگەیان گرتووە هێرشیشمان دەکاتە سەر؟"
گوتی: "نووری مالیکی بۆی نییە بە ناوی گەلی عێراق و هیچ پۆستێکەوە قسە بکات چونکە ئەو چ پۆستێکی هەیە تا بیەوێت شەرعیەت بە خۆی بدات و قسەی نابەجێ بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بکات! پاشانیش بۆ ناچێت کار بکات لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەو هەموو پارەیە لە سەردەمی ئەو خەرج کرا بۆ کەرتی سەربازی و ئەوەش سوپای عێراق بوو بینیمان! بۆ ناچێت کار لەسەر ئەوە بکات؟ بۆچی فەرماندە سەربازییەکانی عێراقیان ڕادەستی داعش کرد؟"
گوتیشی: "نوری مالیکی بۆی نییە سنوور بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دیاری بکات؛ ئەو دەتوانێت سنوور بۆ حەشدیشەعبی و گروپە میلیشیاکانی خۆی دابنێ، بەس ناتوانێت هیچ دەستوەردانێ لە کاروباری هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات لە کاتێکدا ئەو هێشتا کۆمەڵێک دۆسیەی ماوە دەبێت لەگەڵی یەکلا بکرێتەوە".
سامان هەڵەبجەیی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نووری مالیکی ئەو کەسەیە لە عەلی کیمیاوی کەمتری نەکردووە بە کوردستان و سەردەمانیک کوڕە بەنازەکەی ئەمریکا بوو ئەمڕۆ بەهۆی بەستنی گەورەترین هاوپەیمانیەتی لەگەل ئێران دژی ئەمریکا و کوردستانە، لە دوا لێدوانیشیدا بۆ ئاژانسی یونیوز پەردەی لە ڕووی ڕاستەقینەی نەیارانی ناوخۆی کوردستان هەڵدایەوە."
گوتی: "مالیکی لە قسەکانیدا بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و داوای کرد کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو هیڵە سەوزەی کە لە کاتی مەجلیسی حوکم بۆی دیاری کراوە، بەهەمان نەفەسی مالیکی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەندێک لایەن لە بەغدا لە کەناڵەکەی مالیکییەوە گوتیان: نامانەوێت ئەو شوێنانەی بەخوێن گیراون لێی بمێنینەوە، دەمانەوێت بەپێی یاسا و دەستوور یەکلایییان بکەینەوە!"
دەشڵێت: "ئەمڕۆ دوای تەنها ١٠ ڕۆژ لە دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە، مالیکی و هاوکارەکەکانی لە ناوخۆی کوردستان وەک دژ بە کوردستان قسە دەکەن، بەدیار کەوت مووسڵ و جەنگی مووسڵ چەندە گرنگ و خاڵی یەکلاییکەرەوەیە بۆ کوردستان، چونکە دڵنیان دوای مووسڵ دەوڵەتێکی بەهیزی کوردستانی لەسەردەستی مەسعوود بارزانی سەرۆکی کوردستان دروست دەبێت، هەربۆیە کاتێک مالیکی مووسڵی لەدەست دەرچوو و ئەمریکا ڕێگەی نەدا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن، بەڵام خەیاڵی مالیکیەکەی بەغدا و مالیکیەکانی ناوخۆ خاوە، ئەو دەوڵەتەی بە هەموو هێز و توانایانەوە هەوڵ بۆ بەرگرتن و سەرنەگرتنی دەدەن دوای مووسڵ دروست دەبێت".
دەربارەی قسەکانی نووری مالیکی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان، د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕاگەیاند: “مالیکی هەڵوێستەکانی زۆر خراپ و نێگەتیڤە بەرانبەر بە کورد و هەڵوێستی زۆر باش نەبووە، بەتایبەت لە دوا ساڵەکانی حوکمڕانییەکەیدا لە عێراق، ئێستاش پێی ناخۆشە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە یەکەوە شەڕ دەکەن، ئەو حەزی دەکرد سوپای عێراق بهاتایە پەلاماری کوردستانی بدایە، پەلاماری پێشمەرگە بدات”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لێدوانەکانی مالیکی زۆر خراپە و نموونەی بەوە هێنایەوە، کاتێک مالیکی باسی کشانەوەی پێشمەرگە دەکات، قسەکانی هێندەی لە دژی هەرێمی کوردستانە، هێندەش لە دژی حەیدەر عەبادییە و مەبەستی دژایەتیی حکوومەتەکەی عەبادییشە.
گوتیشی: “ئەوەی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە، کاتێک بەغدا و دەیان دەوڵەتی عەرەب وەختی خۆی شەڕیان لەگەڵ کوردستاندا کردووە، ئیتر کوردستان پەنای بۆ کێ ببردایە؟ بۆیە تۆ کاتێک هەموو دراوسێکانت لەدژ بن و شەڕت لەگەڵ بکەن، ناچاری تۆش بەرگری لە خۆت بکەیت، بۆیە هەڵدانەوەی بابەتی پەیوەندیی کوردستان و ئیسرائیل، بابەتێکی سەیرە، مەگەر لە کەسێکی وەک مالیکی بوەشێتەوە، ئەگەرنا ئەمە زۆر دوورە لە مەنتقەوە".
کارزان سەباح




