محەممەد كەمال: ئەو ئاوارانەی ناوچەكانیان ئازاد كراون، دەگەڕێندرێنەوە

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، بڕیار دراوە ئەو ئاوارانەی ناوچەكانیان ئازاد كراون، ئۆتۆمبێلیان بۆ بگیرێت و ڕەوانەی شوێنەكانی خۆیان بكرێنەوە، چونكە دۆخی كەركووك جیاوازە و، ئەوانەی دەیانەوێت ڕێگری لەو كارە بكەن، ناتوانن هیچ بكەن و پرۆسەكە دەستی پێ كردووە.
(محەممەد كەمال)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار دراوە ئەو شوێنانەی رزگار كراون، پێویستە ئاوارەكانی بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنی خۆیان كە دیالە دوو ساڵە رزگار كراوە و تكریت نزیكەی ساڵێكە و ڕەمادی و بێجییش رزگار كراون تەنیا فەلوجە نەبێت، بۆیە ئەو شوێنانەی رزگار كراون، پێویستە ئاوارەكان بگەڕێنەوە و ناكرێت لە كەركووك بمێننەوە، چونكە دۆخی كەركووك جیاوازە".
(كەمال) گوتیشی: "هەوڵی ئەوە دەدرێت كە ئاوارەكان نەگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە ئۆتۆمبێلیان بۆ دەگرین و رەوانەیان دەكەینەوە، كە ١٥٠هەزار خێزان دەبن لە شاری كەركووك نیشتەجێ كراون".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دهشڵێت، پرۆسەی گەڕانەوە دەستی پێ كردووە و ئەوانەی كە ناوچەكانیان رزگار كراون، دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ناكرێت لە كەركووك بمێننەوە.
بڵند ئیبراهیم




