٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: خه‌ڵكی كوردستان یازده‌ ساڵی دیكه‌ش چاوه‌ڕێ ناكه‌ن.. به‌غدایش لەو باوەڕەدایە مۆدێلێكی نوێ بۆ پێكەوەژیانی هەردوولا بدۆزرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد، كە بەغدایش لەو باوەڕەدایە پێویستە بە ڕێگەی گفتوگۆ مۆدێلێكی نوێ بۆ پێكەوەژیانی هەردوولا بدۆزرێتەوە؛ گوتیشی، ئێستا ئامادەكاری بۆ دامەزرانی لیژنەی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە دەكرێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌، خەڵكی كوردستان، یازدە ساڵە چاوەڕێی ئەوە دەكەن دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت، خۆ ناكرێت یازدە ساڵی دیكەش چاوەڕێ بكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە پانێلێكی دووەم ڕۆژی سێیەم دیداری میری لە هەولێر كرد.

لە پانێلەكەدا كە ژمارەیەك لە كەسایەتیانی سیاسی عێراقی و كوردستانی و دیپلۆماتكارانی بیانی و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵ كرد و ئاشكرایكرد كە مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و جوگرافییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە و ڕزگاركردنی سود و گرنگییەكی زۆری بۆ ئایندەی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەیە، هەروەها هەماهەنگی و هاوكاریی سەربازیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال و هاوپەیمانانی بۆ ئازادكرنەوەی مووسڵ، بێ كێشە و بەرز نرخاند، ئەمەشی بۆ سەردانی خۆی و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆ و دانوستان و ڕێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی پلە بەرزی عێراق گەڕاندەوە بە شێوەیەك كە دوای بیست و پێنج ساڵ ڕێگە بە سوپای عێراق درا، لە هەرێمی كوردستانەوە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ ئەنجام بدات.


ئاشكرایشی كرد كە بەپێی ئەو پلانە سەربازییەی بۆ ئازادكرنەوەی مووسڵ داڕێژراوە، پێشمەرگە هەموو ئەو شوێنانەی كۆنترۆڵ كرۆتەوە كە لە پلانەكەدا بۆی دانرابوو و سەرەخۆشیشی لە خانەوادەی شەهیدانی ئۆپەراسیۆنەكە و هەموو شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆر كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست و سڵا و ڕێزی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی جەنگ نارد. جەختی لەوەش كردەوە كە پرسی ئازادكرنەوەی مووسڵ تەنیا سەربازی نییە، بەڵكو زیاتر سیاسییە و بە پێویستی زانی ئەو پرسە جددیتر گفتوگۆی لەسەر بكرێت چونكە دەبێت ئەوە بزانرێت دوای ئازادكرنەوە لە مووسڵ چی دەقەومێت، هەروەك جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە بەرپرسانی بەغدا بزانن داعش لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەكانی ئەوانەوە لەناو خودی عێراق دروست بووە، بۆیە دەبێت دیدگایەكی واقعی و ڕاست بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە و پێكهاتەكانی گەلی عێراق هەبێت كە وێڕای دووپاتكردنەوەی ڕێز و پێزانین بۆ تەواوی پێكهاتەكانی عێراق، ڕایگەیاند كە گەلی عێراق لە هەرسێ پێكهاتەی سەركی كورد و شیعە و سونە پێكهاتووە.

ڕاشیگەیاند كە وەكو خەڵكی كوردستان لە عێراقدا ماوەی یازدە ساڵە چاوەڕێی ئەوە دەكەن دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و ناكرێت یازدە ساڵی دیكەش چاوەڕێ بكەن كە ئایا جێبەجێ دەكرێت یان نا، هەروەك ئاشكرایكرد سوننە ترسی لە داهاتووی خۆی و شیعەش ترسی لە ڕابردووی خۆی و كوردیش ترسی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی خۆی هەیە و سەرباری ئەمەش تا ئێستا بەغدا گرنگیی بە قۆناغی دوای مووسڵ نەداوە كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوە و دیدارەكانی لە بەغدا و هەرێمی كوردستان، جەختی لەوە كردووتەوە پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بە دیالۆگ بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ بكرێت، چونكە مووسڵ عێراقێكی بچووككراوەیە و هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكانی تێدایە و پێویستە بە شێوەیەكی باش بەڕێوە ببرێت، گەر نا هاوشێوەی گرووپەكانی قاعیدە و داعش درووست دەبنەوە.

سەبارەت بە نەچوونە ناوەوەی پێشمەرگە بۆ ناو مووسڵ، بەڕێزیان ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ناخوازێت بە چوونی پێشمەرگە بۆ ناو مووسڵ شەڕی كورد و عەرەب دروست ببێت و كێشەكە گەورەتر ببێت، هەڕەشەی سەر مووسڵیش كێشەی تایفی یە بۆیە هەرێمی كوردستان داوای دامەزراندنی كۆمیتەیەكی هاوبەشی پێكهاتەكانی مووسڵ دەكات كە لە ئێستاوە دەست بە دیالۆگی قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی شاركە بكات.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە دوای ساڵی دووهەزاروسێ و بە ئارەزوومەندانە هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە بەغدا بەمەبەستی دامەزراندنی عێراقێكی دیموكراسی و فیدرالی و لەم پێناوەشدا كورد بە تایبەتی هەردوو بەڕێزان سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی هەموو كارێكیان ئەنجام داوە و تەنانەت بۆ پاراستنی ئاسایشی بەغدا هێزیشیان ڕەوانەی ئەو شارە كرد، بەڵام دوای دوازدە ساڵ گەلی كوردستان پرسیار لە خۆی دەكات كە ئایا گەیشتوونەتە كوێ؟ بەغدا دەڵێت پێویستە هەموو شتێك بە مەركەزی بەڕێوە ببرێت و لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان بە جیابوونەوە و تێكدانی عێراق تاوانبار دەكات.


هەروەها ئاشكرایشی كرد كە لە سەردانەكانی خۆی و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، هەوڵیان داوە لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان و بەڕێز سەرۆك وزیرانی عێراق ئەوە باس بكەن كە بە یەكەوە دانیشن و بە ڕاشكاوانە قسە لەگەڵ یەكتری بكەن و ئایندەی كورد لە عێراق گفتوگۆ بكەن، چونكە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كاتێك هەستی كرد هێزیان هەیە، بە تانك و دەبابەوە هاتنە خانەقین و ساڵی 2014ەیش بە چەند بیانوویەك بودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی و تەنانەت دوای ڕێككەوتن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئێستاش، پەنجا ملیۆن دۆلاریان هەر لە فڕۆكەخانە لە هەرێمی كوردستان بڕی و ئەمەشی بە زەنگێكی مەترسیدار بۆ هەرێمی كوردستان زانی و هەرێمی كوردستانی ناچار كرد بیر لە ئایندەی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەمەش ڕێككەوتنەكانی یازدەی ئازاری نێوان ڕژێمی ئەوكاتی عێراق و سەرۆك بارزانیی نەمر و هەروەها ڕێككەوتنی جەزائیری نێوان سەدام و شای ئێران بە نموونەی هێنایەوە كە چۆن لە كاتی بەهێزبووندا سەدام هێرشی كردووە و ئامادەبووە خاكی عێراق بداتە ئێران بۆ سەركوتكردنی شۆڕشی ئەیلول بۆیە گۆڕینی بیركردنەوەی بەغدای بە كارێكی گرنگ و جەوهەری زانی.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەیزران باسی لە پەرۆشی و گرنگیپێدانی بەرێز حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان بۆ دەستپێشخەرییەكەی هەرێمی كوردستان كرد و ئاشكرای كرد كە بەغداش لەو باوەڕەدایە پێویستە بە ڕێگەی گفتوگۆ مۆدێلێكی نوێ بۆ پێكەوەژیانی هەردولا بدۆزرێتەوە كە ئێستا دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ دامەزرانی لیژنەی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە دەكرێت و لایەنی بەغداش ئەو ئامادەییەی تێدا هەیە هەروەك لە سەردانەكەیدا هەستی پێكردووە، هەروەها دەستپێكردنی ئەو گفتوگۆیانەشی بۆ هەرێمی كوردستان بە گرنگ زانی چونكە پێشتر ئەو هەڵوێستە ئەرێنییەیان لە بەغدا نەبینیبوو و هەروەك و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت بگەڕێتەوە دواوە كە ئێستا تەنانەت بۆ نیشتنەوەی فڕۆكەیەك لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە ڕەزامەندی بەغدای لەسەر بێت.

دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نایەوێت لەگەڵ عێۆاق بكەوێتە شەڕ چونكە لە بەرژوەندی هیچ لایەكدا نییە. جەختی لەوەش كردەوە كە عێراقی پێش هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ مووسڵ شتێكە و دوای ئازادكردنیشی شتێكی دیكەیە، چونكە هەرێمی كوردستان لەو باوەڕەدایە كە دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ سەرەتایەكی نوێ بۆ عێراق دەست پێدەكات.

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو دۆخە سیاسییەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە لە نێوان خراب و خراپتر، ئەوان خرابیان هەڵبژارد چونكە ئەولەویەتی كارەكان شەڕی دژی داعش بوو كە تەنیا سی كیلۆمەتر لە هەولێر دوور بوو نەك شەرعیبوون و ناشەرعیبوون، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕ لە بەرەكانی شەڕ بوو، هەروەها ئاشكرایكرد كە زۆر هەوڵیاندا ڕەوشی سیاسی نەگاتە ئەو ئاستە، بەڵام ئەوەی كە كرا بە ناچاری بوو و ئەمەش مانای ئەوە نییە كە ئەوان كارێكی باشیان كردووە. بە پێویستیشی زانی بە سازشكردن هەموو كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و دەبێت پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە دوای ئەوەی كە هەموولایەك دڵنیابن ئەم كێشانە دووبارە نابنەوە.

هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەكانی بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان كرد بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی پێش ئازادكرنەوەی مووسڵ بگەنە چارەسەرێك. خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە ئێستا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە جیاتی بەكارهێنانی توندوتیژی و چەك، دیالۆگ بەكاردەهێنرێت و هەموو لایەنەكانیش بڕوایان بەوە هەیە و نەرمی دەنوێنن و هیوای خواست بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا.

سەبارەت بە قەیرانی داراییش بەرێزیان باسی لە هۆكارەكانی درووستبوونی قەیرانەكە كرد و بۆ بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە و هاتنی تیرۆرستانی داعش و ڕووكردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و كەموكووڕییەكانی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە كە هەموویان بارگرانییەكی زۆریان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، هەروەها دووپاتی كردەوە بێ هەبوونی توانای دارایی ئەستەمە ئەم هەموو قەیرانانە چارەسەر بكرێن كە تەنیا خەرجیی ئاوارە و پەنابەران لە ساڵێكدا ملیارێك و چوارسەد ملیۆن دۆلارە. لەمبارەیەشەوە سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە چوارچێوەی ڕێكارە داراییەكاندا بەشێك لە مووچەكانیان پاشەكەوت كرا ئەمە جیا لە كێشانەوەی پشتگیریی دارایی بۆ كەرتی كارەبا و سووتەمەنی.

دەربارەی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە ئاماژەی بەوە دا كە لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی دەستیان بە پرۆسەیەكی چاكسازی كردووە و بە هاوكاریی وەزارەتی دارایی و نووسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران جێبەجێكردنی چاكسازی دەستی پێكردووە، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمە پرۆسەیەكی درێژخایەنە و ئەنجامەكانی لە ماوەیەكی نزیكدا دەرناكەون و پێویستی بە كاتە. هەروەها ئاشكرایكرد كێشەیەكی تری گەورە كە ڕووبەڕووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووتەوە زۆری مووچەخۆرانە و وڵاتان بە قەرزكردن لە دەزگا نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی بانكی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێف توانیویانە ئەم كێشانەیان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەم دەزگایانە كە قەرز دەدەن بە عێراق هیچ حسابێك بۆ هەرێمی كوردستان ناكەن و بەغداش بە هەمان شێوە، لەم حاڵەتەشدا هەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەم بەغدا غەدر لە هەرێمی كوردستان دەكەن بەتایبەتی ئای ئێم ئێف كە پێویست بوو مەرج بۆ بەغدا دابنێت بەشێك لەو قەرزانە بداتە هەرێمی كوردستان كە سەرەڕای ئەو هەموو بارگرانییە لە سوپاس زیاتر هیچ تەقدیرێك بۆ هەرێمی كوردستان نییە.

ئومێدی خۆیشی نیشان دا كە هەرێمی كوردستان سەربەرزانە ئەو قەیرانە تێدەپەڕێنێت و هیوای خواست ببێتە وانەیەكی باش بۆ بەخۆداچوونەوە، هەروەها دەربارەی سیستەمی پاشەكەوتیش ئاشكرایكرد كە حكوومەتی هەرێم هەوڵی چارەسەركردنی ئەم پرسە دەدات، بەڵام نەیشاردەوە كە ئێستا و لە حاڵی حازردا حكوومەت ناتوانێت دۆخەكە بگەڕێنێتەوە باری ئاسایی پێشوو.

ڕاشیگەیاند كە بەغدا پارەی یەدەگی هەبوو لە بانكی ناوەندی كە نزكەی شەست تا حەفتا ملیار دۆلار دەبوو و هەر مانگێك بۆ دانی مووچە بەغدا پێویستی بە زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار هەیە و داهاتیشی مانگانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە و بەمەش بەغدا بەردەوام قەرز دەكات بۆ دابینكردنی مووچە. بۆ ڕێكخستنی سیستمی داراییش ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەتەنیا و یەكلایەنانە ئەو كارە بكات، بەڵكو پێویستە ئەمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بكرێت بەتایبەتی هەماهەنگیی نێوان بانكی ناوەندی عێراقی و لقی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان و ئەوان ئێستا لەگەڵ بانكی ناوەندی خەریكی ئەوەن سیستەمێكی باش بۆ داهاتووی پەیوەندیی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا دابنێن.

سەبارەت بە بەردەوامیی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ هەرێمی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان و لە زۆربەی وڵاتان دەستی لە هێرشەكانی نەپاراستووە و هەرێمی كوردستانیش بەرگریی لە پرەنسیپە مرۆییەكان دەكات، بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەمەریكا ئەو قوربانیدانەی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگرێت كە ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش بووەتەوە و دەیەوێت خۆی ئایندەی خۆی دیاری بكات، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە گەلی كورد نەتەوەیەكی جیایە و خاوەن زمان و كلتوری تایبەتی خۆیەتی، بۆیە پێویستە ئیدارەی نوێ لە ئەمەریكا هەڵسەنگاندنی جددی بۆ ئەم بابەتە بكات چونكە ئەمە بابەتێكی سەرەكییە بۆ هەرێمی كوردستان، پیرۆزباییشی لە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا كرد جا هەر كێ بێت.

دەربارەی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان ڕایگەیاند كە سەرەتا پێشمەرگە نەیدەزانی ئەو شەڕە چۆنە و چۆن بەڕێوە دەبرێت و شتێكی نوێ بوو، چونكە پێشمەرگە تەنیا لە چیاكان بەرگری لەخۆی كردووە پێشتر و نەیبنیووە لە گوندێكی بچووكدا سێزدە كەس خۆی بتەقێننەوە و هەر لەو كاتەشدا بە بڕیاری بەغدا هەرێمی كوردستان بۆی نەبوو تەنیا یەك فیشەك لە دەرەوە بكڕێت تەنیا گەر پارەشی هەبوایە و ئەمەریكاش پاڵپشتیی ئەوەی دەكرد و ئەو چەكەی كە هەبوو هەمووی هی سوپای ڕژێمی پێشوو بوو زۆربەیان كۆن بوون و لە مەیدانی جەنگدا كاریگەرییان نەبوو، هەروەها جەختی لەوە كردەوە گەر پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمەریكا نەبوایە، ڕاگرتنی داعش زۆر ئەستەم دەبوو و لەمبارەیەشەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی كرد كە هاوكاری هەرێمی كوردستانیان كردووە و دەیكەن. لە هەمان كاتدا ئاشكرایكرد كە هاوكارییەكان وەك پێویست نین و لە ئاستی ئەو جەنگەدا نین كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەهێزكردنی پێشمەرگەی بۆ ئەوە نییە كە شەڕی دراوسێیەكی خۆی یانش هەر لایەنێكی دیكەی پێ بكات، بەڵكو هەرێمی كوردستان سەلماندوویەتی كە فاكتەری ئارامییە لە ناوچەكەدا و هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ كەس و ڵانێك و هەوڵیداوە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەبێت، كورد پێویستی بە پاڵپشتیی سەربازی هەیە بۆئەوەی جارێكی دیكە هەڕەشەی وەكو تیرۆرستانی داعش لەسەری دووبارە نەبێتەوە.

سەبارەت بە پێكهاتەكانی مووسڵ، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەندە ئەم پێكهاتانە بەتایبەتی مەسیحی و ئێزدییەكان حەقیانە لە داهاتووی خۆیان بترسن چونكە ئەوەی لەسەر دەستی داعش بەسەریان هات شتێكی زۆر گەورە و تراژیدی بوو، بەڵام لە هەمان كاتدا لە جیاتی پاراستنی نێودەوڵەت، پێویستە بە شێوەیەكی دیكە دڵنیا بكرێنەوە كە داهاتوو و سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت بەتایبەتی بەشێك لە خەڵكی ناوچەكەش لەو كارەساتانە بەشداربوون كە بەرامبەریان ئەنجامدرا و هەرێمی كوردستانیش شانازی ئەوەی پێبەخشرا پێشوازی و پاڵپشتیان بكات، بۆیە دۆزینەوەی فۆرمۆلێكی نوێی بە پێویست زانی بۆ دابینكردنی ئایندەی هەموو پێكهاتەكان. دەربارەی ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە نێوان هەولێر و بەغداش، هیوای خواست كە هیچ جارێك ئەو شتە ڕوونەدات و هەرێمی كوردستان هەردەم دەخوازێت كێشەكانی بە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار