٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی پارتی وه‌ڵامی مالیكی دایه‌وه‌: سنووری كوردستان ئەو سنوورە نییە كە سەددام و مالیكی دیاریی دەكەن.. مه‌حاڵه‌ حوكمی عێراق بكاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی مالیكی ده‌داته‌وه‌ ڕایده‌گه‌یێنێ، ئەو تاوان و ناپاكییەی مالیكی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە، لە تاوانەكانی عەلی حەسەن مەجید كەمتر نییە.

هه‌ر له‌و وه‌ڵامه‌دا گوته‌بێژی پارتی ئاشكرای ده‌كات، مالیكی لە ئێرەیی و بێچارەییدا وەك ئەو ورچە بریندارەی لێهاتووە گاز لە برینی خۆی دەگرێ. ده‌رباره‌ی سنووری كوردستانیش گوته‌بێژی پارتی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سنووری كوردستان ئەو سنوورە نییە كە سەددام و مالیكی دیاریی دەكەن؛ سنووری كوردستان ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لە دەستی داعش ڕزگاری كردووە و جێگیریش دەبێت.

ده‌قی په‌یامی گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی:

نووری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی یوونیوز، هەندێ بۆچوون و قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان خستووەتەڕوو.

لای هەموو هاووڵاتیانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی مالیكی لە تاییفەگەری و گەندەڵی و تێكدانی شیرازەی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق ڕوون و ئاشكرایە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە وەڵامی زێدەڕۆییەكانیدا دەڵێین كە:

ئەو پیاوێكی بێوەفایە، ئەو چاكەیەی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی لە پێش و دوای 2003 بۆ مالیكی كردوویانە هیچ كەسێك و لایەنێك نەیكردووە. لەبەرانبەردا ئەو تاوان و ناپاكییەی مالیكی لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە، لە تاوانەكانی عەلی حەسەن مەجید كەمتر نییە. لە قسەكانیدا بەرانبەر ئەمەریكییەكانیش بێوەفایە ئەگەرچی سەروەختێك كوڕە بەنازەكەی ئەوان بوو.

هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی ئیسرائیلیش دەكات، ئەوە لە كاتێكدایە هەمیشە مەمنوونی ئەوە بووە ئیسرائیل مەرحەبای بكات، نەشمانزانیوە ئیسرائیل نانی خەڵكی بڕیبێت.

لە سەردەمی دەستەڵاتداریی مایەپووچیی خۆی سوپایەكی كارتۆنی دروست كرد كە لەبەرانبەر داعشدا دوو كاتژمێر خۆی نەگرت و نیوەی عێراقی بەخشییە داعش بە چەك و كەلوپەلی 6 فیرقەی سەربازی. سوپایەكی دروست كرد كە وەلائی بۆ نیشتیمان نەبوو و بە دوژمنایەتیی پێشمەرگە گۆشی كردبوو. ئێستا چاوی بەوە هەڵنایەت كە سوپای عێراقی و پێشمەرگە بە هەماهەنگییەكی بێوێنە سەركەوتووانە شەڕی تیرۆر دەكەن و، ئەو ناوچانە ئازاد دەكەن كە سوپا و جەنەڕاڵە ترسنۆكەكانی مالیكی پێشكەشی داعشیان كردبوو. داخی مالیكی ئەوەیە كە پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوسەنگەرن و سەركەتوون لە شەڕی تیرۆردا. لە ئێرەیی و بێچارەییدا وەك ئەو ورچە بریندارەی لێهاتووە گاز لە برینی خۆی دەگرێ.

مالیكی لە قسەكانیدا باسی سنووری كوردستان و پارتی و پێشمەرگەی كردووە، با لەوە دڵنیای بكەینه‌وه‌ كە سنووری كوردستان ئەو سنوورە نییە كە سەددام و مالیكی دیاریی دەكەن؛ سنووری كوردستان ئەو سنوورەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لە دەستی داعش ڕزگاری كردووە و جێگیریش دەبێت. هەروەها با باشیش بزانێت لەبەرانبەر ئیرادەی كوردستان و پێشمەرگە و پارتی هیچی لە دەست نایه‌ت جگە لە سەرشۆڕی. مالیكی خەونی دووبارە حوكمكردنی عێراقی هەیە، مەحاڵە بتوانی جارێكی تر حوكمی عێراق بكات و ئەگەر بۆی ڕەخسا و دووبارە دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست، ئەوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ و بۆی نییە حوكمی كوردستان بكات.

لە كۆتاییدا دەڵێین ئەگەر مالیكی تۆزێ ئابڕووی هەبا لە شاشەكان دەرنەدەكەوت كە قسە لەبارەی مووسڵ و ئازادكردنی بكات.

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

26ـی 10ـی 2016

هەواڵی پەیوەندیدار