٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و ئەلحەكیم، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرز دەنرخێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریاندا سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرز دەنرخێنن.

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦-١٠-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، باس لە دوا پێشهاتەكانی ڕووداوەكانی ناوچەكە كرا بەتایبەتی هەماهەنگیی پێویست و تەواو لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ و دەوروبەری و لەمبارەیەشەوە بەڕێز عەممار حەكیم سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

دووپاتیشی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنەكانی مووسڵ سەلماندی ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەكرێت هەماهەنگیی پێویست بكرێت و بەردەوامیش دەبن لەم هەنگاوانە و هیوای خواست لە ماوەیەكی زوودا عێراق بەگشتی لەو مەینەتییە ڕزگاری ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی فیدراڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ڕزگاركردنی مووسڵدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە لەو هەماهەنگییەیان لەگەڵ حكوومەتی فیدرال بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بەوەش دا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغد بە ڕێگەی دیالۆگ  و گفتوگۆ چارەسەر بكات و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش لە داهاتوودا بەهێزتر و باشتر بكرێت و لەمبارەیەشەوە هەوڵەكان بەردەوامن، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەغدا لە پرسی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زیاتریان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكات تا بتوانرێت باشتر هاوكاریی ئاوارەكان بكرێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار