٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەوڵی لادانی بەشەبوودجەی هەرێم لە بوودجەی عێراقدا، دداننانە‌ بە سەربەخۆییی كوردستاندا"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەلایەن لایەنگران و پەرلەمانتارانی (مالیكی)ـیەوە لە دژی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان هەوڵێك هەیە بەوەی كە لەنێو بوودجەی گشتیی 2017 ـی عێراقدا نەمێنێت، بۆیە لادانی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لەنێو بوودجەدا، واتا دداننان بە سەربەخۆییی كوردستاندا.

(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "پاش ئەوەی بوودجەی گشتیی ساڵی 2017ـی عێراق گەییشتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، وەكو ساڵانی پێشوو هەوڵ لە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پشكی هەرێم هەیە، بە تایبەت لەلایەن پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا و بەرەی (مالیكی) بۆ ئەوەی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لە نێو بوودجەدا نەبێت كە 17 لە سەدە و تا ئێستا بە شێوەی كرداری نەدراوە بە هەرێم".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئەم هەوڵەی بەرەی (مالیكی) و دەوڵەتی یاسا، بەڵگەی ڕق و كینەی ئەوانە بەرانبەر گەلی كورد كە بە نەفەسێكی مەزهەبی و شۆڤێنی مامەڵە دەكەن".
(نەجیب) زیاتر دەڵێ: "ئەم هەوڵەیان سەر ناگرێت وەكو ساڵانی پێشوو، چونكە لایەنی شیعە و سوننەی نێو پەرلەمانیش دەزانن لە رووی كردەیییەوە رێككەوتنی سیاسی دەكرێت و بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان گرێ دراوە بەو بابەتەوە، پاشانیش نەهێڵان و لادانی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لەنێو بوودجەی گشتیی عێراقدا، دداننانە بە سەربەخۆیی كوردستاندا، چونكە بەشی هەرێمی كوردستان لە دەستووردا هاتووە كە 17 لە سەدە".

بوودجەی گشتی 2017 ـی عێراق بڕەكەی 100,67 ترلیۆن دینارە و كۆی گشتیی داهاتیش ٧٩ترلیۆن‌ و ١١ملیار و ٤٢١ملیۆن دینارە، بە بەردەوامییش رۆژانە دەبێت 3 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوتی خاو عێراق‌ هەناردەی بكات كە هەر بەرمیلێك نەوت بە ٤٢ دۆلار خەمڵێندراوە؛ لەو بڕە پشكی ھەرێم ١١ترلیۆن ‌و٦٠٠ ملیار و ٢٨ ملیۆن دینارە و كورتهێنانیش نزیكەی 22 ترلیۆن دینارە.

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار