٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆ پاراستنی سەقامگیری و ژیانی ئاواره‌ و کەرکووکییه‌كانە''

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایده‌گه‌یێنێ، ئه‌و ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان گیراوه‌ته‌ به‌ر، له‌ پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تیی گیانی ئاوره‌كان خۆیان و كه‌ركووكییه‌كانه‌.

رۆژی 21/10/2016 رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راپۆرتێکی بڵاو کردەوە بە ناونیشانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاوارەکان بێبەش دەکات لە ئازادیی هاتوچۆکردن لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە نزیک کەرکووک و، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای نەبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لەو ناوچەیەدا، کەچی ئەم ئاوارانە رێگایان پێ نادرێت بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: ئێستا لە کەرکووک زیاتر لە شەشسەد هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیاله‌ و ئەنبار و تکریت هەیە، ئەم ژمارە زۆرەیش ئەرکی لایەنە ئەمنییەکانی زەحمەت کردووە لە خاڵەکانى پشکنین، دوابەدواى وردبینکردن لە دۆکیومینتەکانى ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانییان لەلایەن هۆبەى خاڵەکانى پشکنینەوە بە ئۆتۆمبێلى تایبەت دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان، چونکە دەتوانن زیاتر هاوکارییان بکەن؛ هەروەها کۆنتڕۆڵکردنیشیان ئاسانتر دەبێت، ئەو ئاوارانەی لە هێڵەکانی پێشەوە دێن بەپێی فەرمانی میحوەرەکان نابێ مۆبایل و ناسنامەی پێ بێت واتە لێیان وەردەگیرێت ئەمەش وەک رێوشوێنێکی ئەمنی پیادە دەکرێت، چونکە زۆر جار کەسانی داواکراو و ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەوڵ دەدەن ئەو هەلە بقۆزنەوە و خۆیان بخزێننە نێو ئەو خێزانە ڕاگوێزراوانە روو بکەنە ناوەندی شارەکە و ئە روودواوەی کە رۆژی 21/10/2016 لە شاری کەرکووک روویدا و ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل و کارمەندانی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش بوونە قوربانی باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە و پێشتریش نزیکەى (50) کەس لەلایەن پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرابوون بەپێى ماددەی (4) لە یاسای دژەتیرۆر داواکراو بوون.

لە بارەی ئازادی هاتوچۆی ئاوارەکانیش د. دیندار زێباری وتی: ئەو ئاوارە و راگوێزراوانەی روویان لە کەرکووک کردووە، لە کەمپەکانی لەیلان و نزراوە نیشتەجێ دەکرێن کە لە هەردوو کەمپەکە (2000) خێزانی تێدا نیشتەجێیە، لەکاتی هاتنیان ناسنامەکانیان لێ وەردەگیرێت بەتایبەتی ئەو خێزانانەی کە گومان لەسەر ناو و ناسنامەکانیان هەیە لە کەمپی نزراوە کە شوێنی (1500) خێزان دەبێت، ئێستا ژمارەیەکی کەمتر لە خێزانە ئاوارەکانی تێدا ماوە، ئەم ئاوارنە ئازادن لە هاتوچۆکردن و بنکەی تەندروستییان هەیە و هەر  کەسێک پێویستی بە چارەسەر بێت و لە کەمپەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەنێردرێنە کەرکووک بەتایبەتی ئەوانەی کە پزیشک داوا دەکات لە کەرکووک چارەسەر بکرێن. و بەپێی قسە بەرپرسە ئەمنی و ئیدارییەکانی ناوچەکە دانیشتوانی گوندەکان و ئەوانەی کە لە کەمپەکانیش نیشتەجێ کراون ئازادن لە هاتوچۆ کردن بەپێی ئەو رێوشوێنانەی کە بۆیان دیاریکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی ئەو رێکخراوە خێرخوازیانەش دەکەن کە داوا دەکەن سەردانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە  بکەن.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو رێوشوێنانە زیاتر بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان دەگیرێتە بەر و پێویستە رێوشوێنەکان توندتر بن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە، چونکە ناوچەیەکی فراوانە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆریستان و میلیشیا چەکدارەکان هەیە، تیرۆریستان هەوڵ دەدەن کە کەمپی ئاوارەکان بقۆزرێتەوە بە بیانووی ئاوارەکانەوە بێنە نێو شار و پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش ئەمە لەبەر چاو بگرن بۆ ئەوەی سەقامگیری شارەکە نەکەوێتە مەترسییەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار