فوئاد حوسێن: با لە جیاتی ڕێکخستنی خۆبەخشەکان، پێداویستی سەربازی بۆ ھێزە ئەمنیەکان دابین بکرێت
__2016_10_25_h16m33s43__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسی ڕێکخستنی خۆبەخشەکانی کەرکووک نەکراوە؛ با لە جیاتی ئەو کارە گرنگییەکی زیاتر بە ھێزە ئەمنیەکان بدرێت و پێداویستی سەربازییان بۆ دابین بکرێت.
فوئاد حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ نوێنەری ھەموو لیستە جیاوازەکانی ئەنجومەنی پارێزگا کۆ بوونەوە و، ستایشی ڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و وڵاتیانی کەرکووکیان کرد لە تێکشکاندنی ھێرشی چەند ڕۆژی ڕابردووی داعش بۆ سەر شارەکە؛ دیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھیچ بڕیارێک نەدرا بۆیە وا بڕیارە کۆبوونەوەی دیکە بکرێت لەبارەی ئەو دۆخە نائاساییەی کەرکووک."
فوئاد حوسێن گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ باسی ئەوە نەکراوە خۆبەخشەکان ڕێک بخرێن و بکرێنە ھێز، بەڵام باسی ئەوە کرا کە ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو؛ کە چۆن شان بە شانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان شەڕی داعشیان کرد."
حوسێن ڕوونیشی کردەوە: "باشترە لە جیاتی ڕێکخستنی خۆبەخشەکان لە چوارچێوەی ھێزێکدا، گرنگییەکی زیاتر بە ھێزە ئەمنیەکان بدرێت؛ چونکە لەم شەڕەی ئەمجارەدا، پێداویستییەکەیان ناتەواو بوو؛ گوللەبەن (درع)ـیان نەبوو لەو شەڕەدا، بۆیە پێویستە ھەم حکوومەتی ھەرێم و ھەمیش حکوومەتی عێراق پێداویستییەکی زیاتر بۆ ھێزە ئەمنییەکان دابین بکەن و گرنگییەکی زیاتریان پێ بدەن."
بڵند ئیبراھیم




