سەرۆكوەزیرانی كوردستان و سوید ئازادكرنەوەی مووسڵ و پرسی ئاوارەكان تاوتوو دەكەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی سوید ئازادکردنی مووسڵ و پرسی ئاوارەکانیان تاوتوو کرد و، سەرۆکوەزیرانی سوید دەستخۆشی لە پێشمەرگە کرد بۆ ئەو سەركەوتنە بەردەوامانەی لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعشدا بەدەستی دەهێنێت، پێشمەرگەی بە مایەی سەرفرازی كوردستان لە قەڵەم دا و پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و گەلی كوردستان كرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥-١٠-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستێفان لۆڤین سەرۆكوەزیرانی سوید و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەردانی سەرۆكوەزیرانی سوید و هاوكارییە بەردەوامەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە لەلایەن پسپۆڕانی سەربازیی سویدیەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵدا و جەختی لەوە كردەوە كە لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵ گرنگتر ئەوەیە دوای ئۆپەراسیۆنەكان پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی و بەڕێوەبردنی شاری مووسڵ و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی چۆن دەبێت.
دەربارەی كێشەی ئاوارە و پەنابەرانیش لە هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە هەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر، باری هەرێمی كوردستانی قورس كردووە و هەرێم پێویستی بە كۆمەك و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە بەتایبەتیش كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارەی مووسڵ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكاندا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە ستێفان لۆڤین سەرۆكوەزیرانی سوید وێڕای دەستخۆشی لە پێشمەرگە بۆ ئەو سەركەوتنە بەردەوامانەی لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعشدا بەدەستی دەهێنێت، پێشمەرگەی بە مایەی سەرفرازی كوردستان لە قەڵەم دا و پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و گەلی كوردستان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە سوید لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات تیمی مەشقی سەربازیی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات.
دووپاتیشی كردەوە كە هەبوونی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ زۆر گرنگە و لەمبارەیەشەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد عێراق پێویستی بە دیالۆگێكی جددی لەسەر دواڕۆژی وڵات و چۆنیەتیی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی وڵات هەیە.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە پرۆسەی سیاسی و پرسی ئاوارەكانی مووسڵ كرد و وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ هاوكارییەكانی سوید، گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دوای نەمانی داعش دووپات كردەوە. مەترسیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی لەوەی كە دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك پێویست لە پرسی ئاوارە و پەنابەراندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان نەكات. لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی سوید ئاشكرای كرد پرسی پەنابەران پرسێكی نێودەوڵەتییە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاورێكی جددی لەم پرسە لە هەرێمی كوردستان بداتەوە.




