تا ئێستا 200 ئاوارەی مووسڵ گەییشتوونەتە دهۆك
__2016_10_25_h14m25s31__HK.jpg)
دهۆك-KDP.info- تا ئێستا نزیكەی 200 هاووڵاتیی شاری مووسڵ ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوونە و، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆكیش دەڵێ، ئێستا داعش ناهێڵێ خەڵك ئاوارەی لای پێشمەرگە ببێت و رێگرییان لێ دەكرێت.
(مەجید شوكری) بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی ئاوارەكانی مووسڵ بۆ سنووری پارێزگای دهۆك بەردەوامی هەیە و تا ئێستا نزیكەی دووسەد هاووڵاتیی مووسڵ گەییشتوونەتە سنووری دهۆك و لە كەمپی زێلكان نزیك ناحیەی زێلكان نیشتەجێ كران و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین كراوە، رۆژانی داهاتوویش شەپۆلی ئاوارەكان دەست پێ دەكات، چونكە ئێستا داعش ناهێڵێ خەڵك بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە بێت و رێگرییان لێ دەكرێت".
(شوكری) دەشڵێ: "لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و تەندروستیی دهۆك تیمەكانمان لە بەرەكانی جەنگن بۆ پێشوازیی ئاوارەكان و ئەوەی ئێمە خۆمان بۆ ئامادە كردووە پێشوازی لە 750 هەزار ئاوارەی شاری مووسڵ دەكرێت، خەڵكی بندەستی داعش بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی ژیانەوە، ناچارن ئاوارە ببن و تا پێداویستیی ژیان بۆ ناوچەكانیان دابین نەكرێت، ناتوانن بە بێ ئاو و كارەبا و پێداویستیی دیكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
قائید میرۆ




