٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی مامۆستایان: بۆ بەرژەوەندیی حیزبی پرۆسەی خوێندن مه‌كەنە قوربانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، ئەوانەی ئیدارەی حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەكەن، هانی مامۆستایان نادەن پرۆسەی خوێندن دەست پێ بكاتەوە و بۆ بەرژەوەندیی حیزبی پرۆسەی خوێندن دەكەنە قوربانی، بۆیە ئاسانكارییشیان بۆ ناكەن و تاوەكو ئێستایش پرۆسەكە بەو شێوەیە بەردەوامە.

(ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن لە سنووری سلێمانی، سەردانی ئەوان و چەند لایەنێكی كردووە، بەڵام ئەوەی كێشەیە، ئەوەیە كە لەوێ كەس هانی ئەوە نادات خوێندن دەست پێ بكاتەوە و ئەو حیزبانەی حوكمی حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەكەن، وەكو پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی، ئاسانكاری بۆ مامۆستایان ناكەن بۆ ئەوەی دەوامی خۆیان بكەن".

(گەرمیانی) گوتیشی: "لە سنووری سلێمانی پێیان وایە گەر خوێندن بوەستێت واتا دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە ئەمەش كارێكی خراپە، چونكە بۆ بەرژەوەندیی حیزبی خوێندن لەو سنورە كراوەتە قوربانی.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەشڵێت، مامۆستایان مافی خۆیانە داواكارییان هەبێت و پێداچوونەوە بە مووچەكانیاندا بكرێت، بەڵام پێویستە كۆمەڵێك ئاسانكارییان لەلایەن حكوومەتی خۆجێییەوە بۆ بكرێت و ئەم بارودۆخە تێپەڕێندرێت.

ڕوونیشی كردەوە كە، ئەگەر بایكۆتكردن بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەو سنوورە، مەترسی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت، كە ئەمە كاریگەریی خراپی دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار