دژهتیرۆر، 5 تیرۆریستی دهستگیر كردوون و سهركردهیهكیشی لێ كوشتن

ههولێر-KDP.info- ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕایدهگهیێنێ، بهرهبهیانی ئهمڕۆ دووشهممه، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى دژەتیرۆرى سەربە ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ئۆپەراسیۆنێکى تایبەتى ئهنجام داوه و لهو جوارچێوهیهدا، پێنج تیرۆریستیان لەناو شارى کەرکووکدا دەستگیر كردوون و، (ابو قدامە)ی تیرۆریستیشیان گەمارۆ داوه و دواتر لە رووبەرووبونەوەیەکدا، کوژراوه.
لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنى ئەنجامدەر و هاوکارانى هێرشە تیرۆریستییەکەى ڕۆژى هەینی له کەرکووک، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکى تایبەتى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى دژەتیرۆرى سەربە ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و بەهاوکاریى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشى کەرکووک، توانرا پێنج تیرۆریست لەناو شارى کەرکووک دەستگیر بکرێن، بەناوەکانى (وسام محمود محمد سلیم ناسراو بە ابو وضاح) و (مروان فیصل محمد سلیم) و (عمار فیصل محمد سلیم) و (رعد فیصل محمد سلیم) و (عبد فیصل محمد سلیم) کە هاوکاریى چەکدارانى گرووپى تیرۆریستى داعش بوون لە هێرشەکەى ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (21/10/2016)ـى شارى کەرکووک.
لەئەنجامى لێکۆڵینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەرکەوت برایەکى تیرۆریستى دەستگیرکراو (ابو وضاح) بەناوى (سلام محمود محمد سلیم البیاتى) ناسراو بە (ابو قدامە) یەکێک بووە لە بەرپرسە سەربازییەکانى گرووپى تیرۆریستى داعش لە حەویجە و بەرپرسى چەکدارانى بەشداربووى هێرشەکەى ڕۆژى هەینیى کەرکووک بووە، لەبەرئەوەى ناوبراو پێشتر لە کەرکووک ژیاوە، بۆتە ڕێنیشاندەرى چەکدارە تیرۆریستەکان لە هاتنەناوەوەیان بۆشارەکە، لە هەمانکاتدا ئەرکى دەستبەسەرداگرتنى باڵەخانەى پارێزگاى کەرکووکى لە ئەستۆ بووە.
دواى بەرپەرچدانەوەى هێرشە تیرۆریستییەکەى داعش، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى کەرکووکەوە، تیرۆریستى ناوبراو خۆى لە نزیک چەمى خاسە حەشار دابوو، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان شوێنى خۆحەشاردانى دەستنیشان کرا و لە ئۆپەراسیۆنێکى بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى کەرکووک، ئێوارەى ئەمڕۆ، تیرۆریست (ابو قدامە) گەمارۆ درا و دواتر لە رووبەرووبونەوەیەکدا، کوژرا.
ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان
24/10/2016










