ڕۆمیۆ ھەکاری: هەتا دەشتی نەینەوا نەبێتە پارێزگا، مافی ئێمە دەستەبەر نابێت

هەولێر-KDP.info- سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیتنەھرەین دەڵێ داوا دەکەن دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگا، چونکە بەو کارە مافیان دابین دەبێ.
سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیتنەھرەین ڕۆمیۆ ھەکاری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا چەندین گوندمان لە میحوەری خازر و باشیک و تلسقۆفدا ئازاد کراون و ناحیەی بەرتلەش ئازاد کراوە و ئێستاش حەمدانیە کە کەمێکی ماوە ئازاد بکرێت ودوایی هەر تلکێف دەمینێت، بۆیە ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لە شەڕی مووسڵ بەشدارن و ھێزەکانی ئێمەش بەشداریەکی کارایان ھەیە لەو شەڕەدا."
ڕۆمیۆ ھەکاری گوتیشی، بە ئازادکردنی تەواوی مووسڵ چارەنووسی داھاتووی نەتەوەکەمان دیاری دەکرێت و ھەموو مافی گەلی کلدان و سریان دیاری دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکەین دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگایەک و چیتر سەر بە مووسڵ نەبێت، چونکە دەزانین مافی ئێمە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایە بەدەست دێت و نەک تەنھا ئێمە پێکھاتەکانی دیکەش بەھەمان شێوە، بۆیە ئێمە چاوەڕێینە دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگا."
سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیتنەھرەین گوتیشی: "ڕزگارکردنی دەشتی نەینەوا بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و بە وردییەوە لەو ناوچانە دەروانن، چونکە پێیان باشە پێکھاتەی ئەو ناوچانە بگەنە مافی خۆیان دوای نەمانی داعش."
باسی لەوەش کرد، پێویستە نەتەوەکانی دەشتی نەینەوا ڕۆڵیان لە ئیدارەکردنی ئەو ناوچەیە ھەبێت، بەڵام پێویستە کورد و عەرەب پشتگیری مافی ئەو نەتەوانە بکەن، لەبەر ئەوەشە پێویستە دوای داعش سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی لەو ناوچانە ھەبێت بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا.
بڵند ئیبراھیم




