تونێلەکەی زاخۆ سەدا٩٥ـی تەواو بووە
_(1)__2016_10_24_h14m44s16__HK.jpg)
زاخۆ-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ ڕایگەیاند، پرۆژەی قومەش (تۆنێل)ـی زاخۆ سەدا٩٥ـی تەواو بووە و، بە تەواوبوونی ئەو قومەشە كێشەی هاتوچۆ چارەسەر دەبێ و ڕووداوی هاتوچۆیش كەم دەبێتەوە.
بۆتان موحسێن قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەدا٩٥ـی قومەشی زاخۆ تەواو بووە، بەڵام كێشەمان لە دەرگە (مەدخەل) و دەرچە (مەخرەج) هەیە، كە ئەویش پارەیەكی زۆری دەوێت، بەو قەیرانەیە ئەو پارەیەیش نییە؛ لەبەر قەیرانی دارایی نەبووایە زۆر لەمێژ بوو تەواو بووبوو."
گوتیشی: "بە كردنەوەی قومەشەكە كێشەی هاتوچۆ لەو ناوچەیە چارەسەر دەبێت و، ڕووداوی هاتوچۆ كەم دەبێتەوە؛ هەروەها ڕێگەكە كورت دەبێتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن."
شایانی باسە ڕۆژی ١٢/٦/٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی قومەشی زاخۆی دانا، قومەشەكە، كۆمپانیای لیماكی توركیا دروستی دەکا و جووتسایدە و ٣٦٠٠ مەتر درێژە.
ڕابین شێروانی




