د. محەممەد خورشید: پێویستە بەرپرسانی ئەمنیی كەركووك بە پلانەكانیاندا بچنەوە

كەركووك -KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كهركووك گهرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لەو هەرایەی ئەو چەند ڕۆژە لە كەركووك ڕووی دا، داعش دەیانویست كەركووك هاوشێوەی شنگال و مووسڵ لێ بكەن بەڵام شكستیان برد دهشڵێت، بەرپرسانی ئەمنیی شارەكە پێویستە بە پلانەكانیاندا بچنەوە.
(د. محەممەد خورشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەبوونی داعش و بەهێزبوونی و ئەو خوێندنەوانەی لە پشتی پەردەی داعشەوە هەن، دەریدەخەن كە داعش پیلانێكی ئیقلیمییە، بابەتی هاوكاریی ئیقلیمییش بە هۆی هەبوونی دەستی سیخوڕییە و هیچ لایەك ناتوانێت ئەمە ڕەت بكاتەوە، شاری كەركووكیس بۆ خۆی گرینگییەكی تایبەتی هەیە بۆ عێراق و بۆ دەوڵەتانی دەوروبەریش، بۆیە هەر گرفتێكی گەورە كە لە كەركووك ڕوو دەدات، ڕاستەوخۆ چاودێرەكان بیر لە پلانی ئیقلیمی دەكەنەوە، بۆیە ناكرێـت ئەمە رەت بكەیتەوە پلانی ئیقلیمی یان هاوكاریی ئیقلیمی یانیش دەستی دەرەكیی موخابەراتی لە پشتی ئەم حاڵەتانەوە نەبێت، بەڵام ئەوەی ئەم جارە ڕووی داوە بەر لە هەموو شتێك فەراغێكی ئەمنیی گەورە بووە".
(خورشید) گوتیشی: "بۆ هەبوونی حەشدی شەعبی، لە سنووری كەركووك حەشد بوونی هەیە با چاوشاركێ لەگەڵ خەڵكی كوردستان و كەركووك نەكەین و پێش چاویان نەگرین، حەشدی شەعبی لە تازەخورماتوو و لە بەشیر و لە داقووق و هەندێك ناوچەی شیعەنشینی ناو كەركووكیش هەیە كە توركمانی شیعەی تێدایە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەشڵێ: "ئەمە پیلان و كاردانەوەیەك بوو لە دژی شەڕی مووسڵ، بەڵام نەبووە هاوشێوەی شنگال و مووسڵ و شكستیان هێنا، خۆڕاگری و قارەمانی و ڕۆڵە خوێنگەرمەكانی كەركووك بە گەنج و پیر و ئافرەتەوە زۆربەی كوردستانیانی كەركووك ڕێگیرییان كرد، كردەیەكی سەخت بوو بۆ هەموو كەركووكییەكان، هەروەها (سەرۆك بارزانی)ـیش ڕایگەیاند، ئەم خۆڕاگرییەی كەركووك بووە جێگای فەخر بۆ كوردستانیانی كەركووك".
فایزە كۆیی




