قایمقامی مێرگەسۆر: سێ هاووڵاتی بە هۆی شەڕی پەكەكەوە شەهید بوون

سۆران-KDP.info- فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە هەڵە سێ هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و، قایمقامی مێرگەسۆریش دەڵێ، بە هۆی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەدا، بەردەوام توركیا ناوچەكە بوردۆمان دەكات.
(غەفوور مالەسواری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ بە بیانووی هەبوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتی توركیا گوندەكانی دەڤەری مزووری باڵای سەر بە قەزای مێرگەسۆریان بوردوومان كردووە و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی شەهید بوونە، ئەو سێ شەهیدە نیشتەجێی قەزای سۆرانن و بە مەبەستی كشتوكال و هێنانەوەی بەروبوومی پاییزە روویان لە گوندەكەیان كردبوو".
(مالەسواری) گوتیشی: "فڕۆكە بە هەڵە ئەو هاووڵاتیانەی بوردوومان كردووە و وای زانیوە چەكداری پەكەكەن، چونكە بنكە و بارەگای پەكەكە لەو ناوچەیە هەن و پێشتریش بە هاووڵاتیان راگەیەندراوە هاتوچۆی ناوچەكە قەدەغەیە و بە هۆی پەكەكەوە گوندەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە و دوای هەڵگیرسانی شەڕی ماوەكانی رابردووی توركیا و پەكەكە، ناوچەكە زیاتر شەڕ و ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینیوە".
قائید میرۆ




