"دەبێ لایەنێک ئەو داعشانەی بۆ کەرکووک دزە پێکردبێ"

كەركووک ـKDP.infoـ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك دەڵێ بەهیچ شێوەیەك مومكین نییە 100 كەس بەیەكەوە بتوانن دزە بكەنە نێو شاری كەركووکەوە و ئەوان چەكداری تەواو بوون و ناكرێ بەو چەك و تفاقەیانەوە و بەو ڕیش و پەشمەی داعشەوە بەناوی ئاوارەوە هاتبن بۆ ناو شاری كەركووک.ئەمە دزەكردن نەبووە بەڵكو هێنانی هێزیكی گەورەی چەكدارە بە سود وەرگرتن لە ئیمكانیات و دەرفەت كە دەبێ ئەو لایەنە هەیبووبێت لەو ناوچەیەو ئەوانی هێنابێت.
حوسێن یەزدانپەنا فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووكەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو تیرۆریستانەی داعش كە هێندرابوونە شاری كەركووک و ئەم هێرش و كردەوە تیرۆریستانەیان كرد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پیلانێك بوو دژی كورد و هێزی پێشمەرگە و شاری كەركووک، ڕەنگە ئێستا زوو بێت بۆ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ببرێت كە چاوساغیان بوونە. بەهیچ شێوەیەك مومكین نییە 100 كەس بە یەكەوە بتوانن دزە بكەنە نێو شاری كەركووکەوە، بگرە بە چوار كەڕەتیش ناتوانن دزە بكەن. خۆ ئەوان چەكداری تەواو بوون و ناكرێ بەو چەك و تفاقەیانەوە و بەو ڕیش و پەشمەی داعشەوە بە ناوی ئاوارەوە هاتبن بۆ ناو شاری كەركووک. بۆیە ئەمە دزەكردن نەبووە بەڵكو هێنانی هێزیكی گەورەی چەكدارە بە سوود وەرگرتن لە ئیمكانیات و دەرفەت كە دەبێ ئەو لایەنە هەیبووبێت لەو ناوچەیەو ئەوانی هێنابێت."
یەزدانپەنا ڕوونیشی كردەوە: "بەشێك لە مەبەستەكانی تری ئەم هێرشەی داعش بۆسەر كەركووک پەكخستنی ئەم هێرشانەی هێزی پێشمەرگەیە كە زۆر بە قارەمانانە كردوویەتیە سەر شاری مووسڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستان لەناو دەبات و لە سەنتەری مووسڵ نزیك دەبێتەوە. هەولێشیان دەدا وای نیشان بدەن كە هێزە ئەمنییەكانی بەر فەرمانی هەرێمی كوردستان ناتوانن ئەمنیەتی شاری كەركووک بپارێزن."
سەرباز واحید




