٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیانداوێكی لە بارەی 71ـەمین ساڵیادی خستنە واری جێبەجێکردنی گەڵاڵەنامەی مێژوویی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاو کردەوە.

 

دەقی ڕاگەیێندراوکە:

بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی نووسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی ـ یۆنامی ـ لە هەولێر 

بەڕێز سەرۆکی نووسینگەی هەرێمی لە هەولێر

 

ڕۆژی مێژوویی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆز دەکەین، کە هاوكات یادی 71ـەمین ساڵیادی خستنە واری جێبەجێکردنی گەڵاڵەنامەی مێژوویی ئەم ڕێکخراوەیه، له‌ كاتێكدا كه‌ نەک تەنها دەوڵەتانی جیهان، بەڵکو هەموو مرۆڤ و نەتەوەکانی جیهان، ئەم یادە پڕشکۆ دەبینن و بە شانازییەوە پێشوازیی لێ دەکەن و یادی دەکەنەوە.

 

به‌ڕێزان! باشووری کوردستان بە هیواوە لەم ڕێکخراوە دەڕوانێت، كه‌ لە لایەک میراتگری کۆمەڵەی گەلانە و بڕیارەكانیشی بە گرنگ دەزانێت، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی مافە بنچینه‌ییه‌كانی گەلی کوردستان، له‌ لایه‌كی تریشەوە‌ هه‌روه‌ك چۆن بۆ زامنكردنی مافەکانی مرۆڤ و هێنانەدی ئاشتی و تەناهی ناوخۆی وڵاتان و هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی تاك و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان، ده‌یان پەیماننامە و بڕیار و ڕاسپاردەی ده‌رچوواندووه‌، نمونه‌یه‌كی دیاری هه‌ڵوێستێكی مێژوویی ئه‌م ڕێكخراوه،‌ بڕیاری ٦٨٨ـی ساڵی ١٩٩١ـه و بووە هۆی پاراستنی نەتەوەیەک لە توانەوە و لە ناوچوون، كە نەتەوەی كوردە لە باشووری كوردستان.

 

ئێمه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌نی ئه‌و هیوایه‌ین، كه‌ لە ڕێگەی ئاڵایەكی نیشتمانی و ئەندامێتییەوە لە ناو ئەم ڕێكخراوه، شکۆی مرۆڤبوونمان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی سه‌ر ئه‌م خاكه‌وه‌ بپارێزرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی ده‌قه‌ مولزەمەکانی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە زمانی زیندووی هەموو ئەوانەیە مرۆڤانە لە سەر زەوی دەژین، پێشوازی لەم هیواو خواستەمان دەکەن، دڵنیاین بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی لە باری ناوچەکە و جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، سیمبوڵ و پشت و پەنای گەلانی بێدەوڵەت، ناواخنی ئەم مافە سروشتی و یاساییەمان بە هەند وەردەگرن.

 

وێڕای ئەوەی کە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەكەی، پابەند بە یاسا و ئیلتیزامە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان، زیاتر لە سەدەیەک بۆ هێنانەدی مافەکانی خەباتی کردووە، تاوانی نێودەوڵەتی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر ئەنجام دراون، له‌ هه‌مان كاتدا لە حوکمڕانی خۆجێییدا سەرکەوتوو بووە و نموونەیەكی باشی مەدەنییەت و دیموكراسی لە ناوچەكەدا پەیڕەو كردوون، هەروەها گەلی کوردستان ئەمڕۆ لە چوارچێوەی حوکمڕانی دیموکراسی و ڕەوای هەرێمی کوردستان، شان بە شانانی دەوڵەتانی جیهانی ئازاد و بەرەی نێودەوڵەتی شەڕی دژە تیرۆر، لە دژی هزر و بیرو ویستی شەڕخوازانەی تیرۆریستان شەڕ دەكات و قوربانی بێشومار پێشکەش بە ئازادی جیهان دەكات، هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بووەتە هۆیەک، کە کوردستان پشتێنەی ئەمنی جیهانی بێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا، ناوەندێکی گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بێت .

 

هەر بۆیە داواکارییەکی ڕەوایە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سنووری مێژوویی و جوگرافی و دەستووری و یاسایی باشووری کوردستان بناسێ، کە پیشمەرگەی کوردستان و پارێزەری جیهان، بە خوێن نەخشاندوویەتی، بەم هەنگاوەیش گرفتی سەدەیەک لە سووتماکی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بە کۆتایی دێنن، كە ئەم ئەركە بە ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی ئەم ڕێکخراوە دەزانین.

 

ساڵیادی ئەم ڕێکخراوە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکەمان لە بەردەم گۆڕانی سیاسیدایە و دروشمی ئەمساڵی ئاهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بریتییە لە "ئازادی لە پێش هەموو شتێک"ـە، بۆیە لەم درووشمەوە بە بیرتان دەهێنینەوە، گەلی كوردستان وەك گەلێكی زیندووی قوڵایی مێژوو، ئێستا بە دوای بە دەستهێنانی ئازادییەوەیە و دەیەوێت وەك تەواوی گەلانی ئازادی ناوچەكە و جیهان، لە ئاشتی و ئازادیدا بژیێ و لەگەڵ دنیای مرۆڤدۆست و دیموكراسیخوازیش، فاكتەری سەقامگیری سیاسی ناوچەكە بێت.

 

ئەگەر لە ڕووداوەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئەزموونی فیدراڵی و شەڕی داعش و دوای داعشیش بڕوانین، ئەوەمان پێدەڵێن، پێویستە کوردستان لە سەر نەخشەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای ئامادەیی و هەبوونی بۆ بکرێتەوە و بە میکانیزمە دیموکراسییەکان، مافی چارەنووس بەدەست بهێنێ، هەروەها دەخوازین بە ئامادەیی و ڕێنوێنی و  چاودێری و هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ئەرک و بەرپرسیارەتییەک، ئەم مافە پیادە بکەین.

 

لە کۆتاییدا، بە ناوی فراکسیۆنی پارتى دیموكراتى كوردستانەوە، ڕێز لە بەردەوامی ئامادەیی ئەم ڕێکخراوەو ئاژانسەکانی لە کوردستان دەگرین، خزمەتگوزاریەکانیان بەرز دەنرخێنین، ڕۆژی نێودەوڵەتی ئەم ڕێکخراوە، وەک هیوا و ئامانج، پیرۆز دەکەین.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

٢٠١٦/١٠/٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار