"مالیكی و هاوبەرژەوەندییەكانی لەسەر خراپكردنی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا دەژین"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ دەنگی ناشاز هەیە و لەسەر خراپكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەژین و دەبێ ڕێگریان لێ بكرێت و هەوڵی نەهێشتنی ئەم دەنگە نەشازانە بدرێت، كە پێك هاتوون لە مالیكی و ئەوانەی بەرژەوەندیان لە گەڵیەتی.
د. ئەشواق جاف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە 29ی ئەیلوول بۆ بەغدا ئیرادەیەكی سیاسیی دروست كرد لە نێوان هەردوو لادا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. لەو سەردانەشدا لەسەر كۆمەڵێك بابەتی گرنگ ڕێكەوتن و هەماهەنگیەكی باش دروست بوو. بە تایبەتی شەڕی مووسڵ كە وای كرد پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای دەستور دابڕیژرێتەوە. ئەوەتا ئێستاش بەرەو پێشچوون لە پەیوەندی و هەنگاوەكان بەدی دەكرێت و هەنگاوی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە. بەڵام دەنگی نەشاز بوونی هەیە و لەسەر خراپكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەژین، دەبێ ڕێگریان لێ بكرێت و هەوڵی نەهێشتنی ئەم دەنگە نەشازانە بدرێت، كە پێك هاتوون لە مالیكی و ئەوانەی بەرژەوەندییان لەگەڵیەتی."
جەختیشی كردەوە: "ئەگەر ڕێگری لەو دەنگانە بكرێت كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تێك بدەن، ئەوا بەرەو پێشچوونی زۆر باشتریش لە كێشەكان دێتە ئاراوە و زۆرینەی كێشەكان ڕۆژ بەرۆژ چارەسەر دەكرێن. خۆ عەبادی خۆیشی ئەمەی دووپات كردووەتەوە كە چەند كەسێك و تاقمێك هەن لەسەر تێكدانی ئەم پەیوەندیانە دەژین و بەردەوامن."
سەرباز واحید




