"پێشمەرگە سنوورێکی فراوانی ئازاد کردووە"

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و هۆشیاری نەتەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاک چوونەتە پێشەوە و ناوچەیەکی فراوانیان لە داعش پاکەوە کردووە؛ بە هاوکاری لەگەڵ سوپای عێراقدا ئازادکردنەوەی مووسڵ بەردەوام دەبێت.
هەڵگورد حیکمەت بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە ناوچەیەکی فراوانی لە داعش پاکەوە کردووە بە جۆرێک لە میحوەری باشیک خازر مەخموور ناوەراندا پێشمەرگە زۆر بە فراوانی پێشڕەوییان کردووە و ناوچەیەکی فراوانیان لە داعش پاکەوە کردووە؛ ئێستاش ئەوەی ماوەتەوە لەسەر سوپای عێراقە کە چۆن ئەو ناوچانە ئازاد بکاتەوە کە ڕێککەوتنی لەسەری کراوە."
دەیشڵێت: ئەمڕۆ بەهێزترین خاڵی سەربازی و جوگرافی لە باشیک گیراوە؛ ئەویش ڕێگای سەرەکی باشیک ـ تلسقۆفە کە ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی مووسڵ لەدەست داعش دەربهێنرێ و هاوکاریی سەربازییان لێ بچرێندرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو: دوای تەواوکردنی ئەو پلانە سەرکەوتنی یەکجاریی پێشمەرگە لەو قۆناغەی بۆی دیاری کرابوو ڕادەگەیێنرێت و، وا ئێستا لە کۆتایی ئەو قۆناغەداین".
کارزان سەباح هەورامی




