٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مینا ئاوەكەلەیی: "ئەوەی لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی كرا تەنیا شانۆیەكی سیاسی بوو"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێی وایە، ئەوەی لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانیەوە كراوە، تەنیا شانۆیەكی سیاسی بوو لە ئەنجوومەنی پارێزگا نمایشی بۆ كراوە و لەڕووی یاساییەوە پێویستە پارێزگار فەرمانەی سەرۆكایەتیی بۆ دەرچێت دەشڵێ، نە ئەنجوومەنی پارێزگا نە وەزارەتی ناوخۆ سەردار قادر بە پارێزگاری سلێمانی نازانن.

 

(مینا ئاوەكەلەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "راستە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان ڕای خۆی لەسەر پرسی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت دەربڕیوە، بەڵام چونكە باڵاترین دەزگای یاسایە و ئەنجوومەنی پارێزگاش دەزگایەكی خزمەتگوزارییە ناتوانین نە وەڵامیان بدەینە و نە تانەش لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی شوورا بدەین، ئەوە بوچوونی ئەنجوومەنی شوورا دەرچووە و پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت یاسایی نییە و كاری پێ ناكرێت، تەنانەت بەخشینی پارێزگاری پێشووش یاسایی نییە؛ دەپرسم بەخشین چییە جارێ، هەتا داوای بەخشین بكەن، ئەگەر پارێزگار داوای بەخشین دەكات بەخشین نییە پێویستە دەست‌لەكاركێشانەوە پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆ بكات و وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكاتەوە."

 

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا سلێمانی گوتیشی: "پێویستە دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون بگەڕێتەوە سەر پۆستەكەی وەك پارێزگاری سلێمانی دەست بەكاری خۆی بكاتەوە، چونكە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئەوەی بۆ ڕاگەیاندنەكان پشتڕاست كردووتەوە ئەوەی كراوە یاسایی نییە.

 

ئاوەكەلەیی ئاماژەی دا: "ڕێکكەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نەچووەتە بواری یاساییەوە پێشتر پارتی و یەكێتی ڕێكکەوتنیان هەبووە، بەڵام ڕێكکەوتنی پارتی و یەكێتی بە یاسایی كراوە، ئێستا هیچ كەسێك پارێزگاری سلێمانی نییە و هەر لایەنێكی سیاسی و كەسێك بە نیازی ئەوەیە با فەرمانەی سەرۆكایەتیی بۆ دەركەن و بینێرن بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی دەربارەی پارێزگاری سلێمانی كراوە تەنیا شانۆیەكی سیاسی بووە لە ئەنجوومەن نمایش كرا و هیچ دیكە نییە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار