هەورامی: وچانی پێشمەرگە لە دواخاڵەكانی سنووری هەرێمی كوردستان دەبێت

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی)، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ شاندێكی ئەكادیمیی زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوەی ئێران، ڕایگەیاند، وچانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دواخاڵی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەمەیش ئاسانكارییەكی زۆرە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەكەی مووسڵ.
ئەمڕۆ لە پیرمام، (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەكادیمیی زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوەی ئێران كرد، كە پێك هاتبوون لە (د. قدیر نێری) ئەندامی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تاران و (د.جهانگیر كرمی) مامۆستای زانكۆی تاران و ئەندامی لێكۆڵینەوەی پەیوەندی ئێران و ڕوسیا و (د. جەعفەر حەق پەناه) مامۆستای زانكۆی تاران و ئەندامی لێكۆڵینەوەی راهبردی و (د. سالار كسرایی) سەرۆكی زانكۆی ئازادی قوام و (د. ئاردشیر پشنگ) بەرپرسی سایتی فراتان و پسپۆڕی بواری لێكۆڵینەوەی كوردستان و (بەهرام ولد بیگی) سەرۆكی ئەنستیتوی كوردستان لە تاران.
(هەورامی) لە سەرەتای دانیشتنەكەدا، شێوازی پێكهاتە و سیاسەتی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئایدۆلۆژیایانە لە گشت پرسەكان دەڕوانێت، بۆیە ستراتیژییەتیشمان وابەستەی پێشهاتەكانە كە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم زۆر گۆڕانكاریی جەوهەریدایە.
هەروەها (هەورامی) پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەڕاندەوە بۆ چەند دەیەی ڕابردوو و خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران لە زۆربەی كایە فەرهەنگی و كولتووری و سنوورێكی بەربڵاویشمان هەیە لەگەڵ یەكتر، بۆیە هیوا دەخوازین لەم دیدگا مێژوویەوە بتوانین پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران بدەین.
بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، قسەكردن بوو لەسەر دواڕەوشی ناوچەكە و ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، (هەورامی) لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "وچانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تا دواخاڵی سنووری هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەوكاتیش ستراتیژییەتی خۆمان دەبێت و ئەوەی داعش دەیكات بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی تێكشكان و دواپەلەقاژەیانە لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، ئەمەیش نابێتە بەربەست لە بەردەم هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا".
شاندی میوان لەلایەن خۆیانەوەی سوپاسی (هێمن هەورامی)ـیان كرد بۆ خستنەڕووی دواپێشهاتە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و بە تایبەتی عێراق، هەروەها بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند كە كار دەكەن بۆ زیاتر پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی ناوەندە زانستی و توێژەرەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن پەیوەندییەكان بگوازنەوە بۆ پەیوەندیی فاروانتر.




