٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دوو لیوای سوپای عێراق هاتوونەتە كەركووك و مەترسی هەیە چەكداری بیانی تێدا بن"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، داعش بە دەرفەتی بینیوە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا دزە بكاتە نێو كەركووك، هەروەها هۆشداریی ئەوەیشی دا دوو لیوای سوپای عێراق هاتوونەتە سنووری كەركووك و مەترسی هەیە چەكداری بیانی خۆیان خزاندبێتە نێو سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ تێكدانی رەوشی كەركووك.

(دیاری حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە كورد لە هەر خەسارەتێك پەندێك وەربگرێت، رووداوەكەی كەركووكیش پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە، چونكە پێشتر دەمانگوت لەوەتەی داعش پەیدا بووە رەوشی ئەمنیی كەركووك باشتر بووە، ڕاستییەكەی هەروایش بوو، لەبەر ئەوەی كە رێگەكانی حەویجە گیران، تەقینەوە لە كەركووك نەمان و نزیكە بڵێین كەركووكیش وەك شارەكانی دیكەی هەرێم ئارامە، بەڵام ئێستا داعش گوشاری زۆری لەسەرە و شكستی هێناوە، لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا شوێنێكی بەتاڵ هەیە و داعش سوودی لەو شوێنە وەرگرتووە بۆ ئەوەی دزە بكەنە نێو شاری كەركووك، من دڵنیام ئەو شوێنەی حەشدی شەعبی تێدایە پێشمەرگە بیگرێتەوە كەركووك دوو بەقەد ئێستا ئارام دەبێت، هەتا حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە هەندێ شوێنی كەركووك بمێنن، مەترسی لەسەر ئاساییشی كەركووك هەر دەبێت".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دەشڵێ: "بەپێی زانیارییەكانی من، دوو لیوای دیكەی سوپای عێراق ئێستا هاتوونەتە كەركووك، ئەوەیش زیانێكی گەورە بە كەركووك دەگەیێنێت، چونكە گومان دەكرێت هەندێ كەس لەنێو ئەو هێزانەی سوپای عێراقدا هەبن هاوكاریی تیرۆریستان بكەن، مەرج نییە هەموو كەسێكی نێو ئەو هێزانە دڵسۆز بن بۆ ئەم وڵاتە، بە شێوەیەكی هەرەمەكی خەڵك كراوەتە حەشدی شەعبی و سەربازی سوپای عێراق بێ ئەوەی مەشق و راهێنانیان پێ كرابێت، بە بێ بەرنامە و لێكۆڵینەوە خەڵك دامەزراوە و، دووریش نییە خەڵكی بیانی لەنێو ئەو هێزانەدا هەبێت، ئەگەر بێت و خەڵكی بیانی تێدا بێت ئەوا بێگومان كێشە و گرفت بۆ ئێمە و حەشدی شەعبیش دروست دەكرێت، هاتنی دوو لیوای سوپای عێراق زیانی گەورە بە شاری كەركووك دەگەیێنێت، ئێمە دەمانەوێت تەنیا هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش لە كەركووك بمێننەوە".

(حوسێن) ئاماژەی بەوەیش كرد: "پێویستە لە كەركووك ناوەندێكی بڕیار هەبێت بۆ جووڵەپێكردنی هێزی ئەمنی و سەربازی، دوو رۆژە كێشە لە كەركووك هەیە ئەگەر بەرنامە و پلانێك هەبووایە تەنیا بە چەند سەعاتێكی كەم دەتوانرا رەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، لە ڕاستیدا فەوزایەك هەیە لە بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنیی كەركووك، دواتر هەندێ وڵاتی دەوروبەر دەیانەوێ بەردەوام پشێوی لە كەركووكدا هەبێت و، وەك (سەرۆك بازرانی) دەڵێ، پێشمەرگە بە خوێن ئەو سنوورەی دیاری كردووە، نابێت رێگە بدرێت خەڵكێك پێی خۆش بێت سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بێتەوە نێو كەركووك".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار