٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەترووشی: ئامادەكاریمان بۆ هاتنی ئاوارەكان كردوە و دوو كەمپی تریش دروست دەكه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك- KDP.info- پارێزگاری دهۆك ڕایدەگەیێنێت، ئامادەكاری بۆ هاتنی ئاوارەكان كراوە و دوو كەمپی تریش دروست دەكرێن، داوایش دەكات ‌ حكوومەتی عێراق بە هانای ئاوارەكانەوە بچێت، چونكە یارمەتییەكان وەك پێویست نین.

(فەرهاد ئەمین ئەترووشی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند‌: "بۆ هاتنی ئاوارەكان لە گوندی عەمەلەی ناحییەی زوممار خه‌ریكی دروستكردنی كەمپێكی گەورەین و لە ناحییەی زێلكان و چیای مەقلوبیش یەك بۆ دوو كەمپی گەورە بە یارمەتیی UNدروست دەكەین، لەگەڵ كەمپێكی تریش لە شێخان كە دەكەوێتە ناوەرانەوە كە ئەو كەمپە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین كەمپەكانی شاری دهۆك و هەرێمی كوردستان و لە نزیكترین كاتیشدا دوو كەمپی تر دەكەینەوە لەگەڵ دابینكردنی پێداویستی بۆ ئاوارەكان".

(ئەترووشی) گوتیشی: "لە رووی كاری ئیدارییەوە بە بەردەوام كار دەكەین و كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەكان كردووە بۆ ئەوەی پێشوازی لە ئاوارەكان بكرێت و بە بەردەوامی لەگەڵ بۆردی مرۆڤایەتی و بەڕێوەبەرە گشتیەكان بە تایبەتی ئاو وكارەبا و تەندروستی كۆبوونەوە دەكەین تا بە باشترین شێوە ئاوارەكان یارمەتییان بدرێت".

پارێزگاری دهۆك ده‌شڵیت، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی نەینەوا دانیشتم و باسی یارمەتینەدانی عێراقمان كرد بۆ ئاوارەكان، خۆ ئەمانە عێراقین لە كاتێكدا لە بوودجەی عێراق بەشەبوودجەی پارێزگای مووسڵ هەیە و پێویستە پارەی مووسڵ بۆ هەموو خەڵكەكە خەرج بكەن، بەڵام بە داخەوە یارمەتی لەئاستی پێویستدا نییە، لێرەیشەوە داوا دەكەین كە حكوومەتی عێراق بەهانای ئەم خەڵكەوە بێت كە ئاوارەن و خەڵكی پارێزگای مووسڵ و ئەنبارن".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار