كەركووكی: داعش لە شاری كەركووكدا شكستی هێناو ریسوابوو

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك دەڵێ، داعش ناتوانێ بە ئامانجە گڵاوەكانی بگات لە شاری كەركووكدا، چونكە خەڵكی شارەكە دژی تیرۆریستانن و هێزە ئەمنییەكان و هیزی پیشمەرگە لەسەر هەستن و دەبنە هۆی ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن شارەكە داگیر بكەن، ئەوەتا لە شاری كەركووكدا داعش شكستیان هێناو ریسوابوون.
د.كەمال كەركووكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنی ئێوارە تیرۆریستانی داعش هێرشیان هێنا، بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر زوو لێیان هاتە دەست و زۆر باش بەرپەرچیان دانەوە. دووای دەستنیشانكردنی شوێنەكانیان لەلایەن تیمی هەواڵگرییەوە فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش بۆردومانیان كردن، لە ئاكامدا شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لەناو برا، دوو دۆشكەو كۆمەڵێك چەكی تریشیان لەناو چوو، زیاتر لە 30 چەكداریش كوژران، ئیدی شكان و بەرەو دوواوە رایان كردەوە."
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك جەختیشی كردەوە: "تیرۆریستانی داعش ناتوانن بە ئامانجە گڵاوەكانیان بگەن و شاری كەركووك بشێوێنن و هیچ شوێنێكی شارەكە داگیر بكەن، چونكە خەڵكی شارەكە دژی تیرۆریستانن و هێزە ئەمنییەكان و هیزی پیشمەرگە لەسەر هەستن و دەبنە هۆی ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن شارەكە داگیر بكەن. ئەوەتا داعش لە شاری كەركووكدا شكستی هێناو ریسوابوو ."
كەركووكی دەیشڵێ، : "ئێمە رێزی ئاوارەكان دەگرین و ئەمە ئەركێكی مرۆڤایەتییە، بەڵام پێویستە ئاوارەكان كەمپیان بۆ دروست بكرێ و خزمەتگوزاریان بۆ دابین بكرێت، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چاودێری بكرێن و نەهێڵن تێكەڵی شاری كەركووك بن. چونكە نازاندرێ كامیان باشەو كامیان خراپە، بۆیە باشترە لە كەمپەكان كۆبكرێنەوە و كەی ناوچەكانیان ئازاد كرا رەوانەی شوێنی خۆیان بكرێنەوە."
سەرباز واحد




