هەکاری: هێزەکانمان چوونەتە نێو بەرتللە و لێی دەمێننەوە

هەولێر-KDP.info- رۆمیو هەکاری دەڵێ، هێزەکانیان چوونەتە نێو ناحیەی بەرتللە و لەوێیشدا خۆیان جێگر دەکەن و، بە رەوایشی دەبینن کە دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگا.
رۆمیۆ هەكاری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ئازادکردنی ناحیەی بەرتللە بۆ ئێمەی خەڵكی نەینەواو مەسیحییەكانی ناوچەكە زۆر گرینگە؛ چاوەڕوان دەكرێ لە چەند سەعاتی داهاتوودا قەزای قەرەقوشیش ئازاد بكرێتەوە كە دواین شاری مەسیحیەكانە لە دەشتی نەینەوادا.
سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرەین دەڵێ: "هێزەكانی دەشتی نەینەوا لە 17ی ئەم مانگەدا شانبەشانی هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵیان دەست پێكرد، ئێستاش چوونەتە نێو ناحیەی بەرتللەو خەریكی قایمكردنی خۆیانن و بارەگا دادەمەزرێنن."
ئاماژەیشی دا: "ناوچە مەسیحی نشینەكانی دەشتی نەینەوا شوێنی باب و باپیرانی ئێمەیە و ئازادکردنەوەی كارێكی مێژوویەو، ئێمە نزیك بە سێ ساڵە چاوەڕوانی ئەم رۆژەین. بە مافی خۆیشمانی دەزانین لە دوای داعش پارێزگای دەشتی نەینەوامان بۆ دروست بكرێت، ئەمەش تەنها رێگایە تا خەڵكی ئێمە وەك كیانێك لەو ناوچانەدا بژی."
جەختیشی كردەوە: "هێزی پێشمەرگە هەرلەسەرەتاوە تا ئەمڕۆیش هەوڵی ئازادکردنەوەی ناوچەكانمانی داوە لە دەشتی نەینەوا دا، خۆ كاتی خۆیشی لە ئابی 2014 كاتێك داعش هەموو دەشتی نەینەوای داگیر كردبوو ئەوا هیزی پێشمەرگە بوو بۆ یەكەم جار ئەو ناوچانەی رزگار كردەوە و بە رزگاركردنەوەی شارۆچكەی تلسقۆف دەستی پێكرد. ئێستاش زۆرێك لە ناوچەكانمانی رزگار كردووەتەوە."
سەرباز واحد




