٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جاف: لەسەر رێگرییەكانی كورد، جەعفەری بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info
 
بەغدا-KDP.info- بە تۆمەتی رێگریكردن لە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە كۆنفڕانسی پاریس بۆ پرسی مووسڵ، نوێنەرانی كورد لە بەغدا لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوەی عێراق دەكەن، پەرلەمانتارێكی پارتییش دەڵێ، عێراق رێگری لە پێشڤەچوونەكانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی كوردستان دەكات.
 
دكتۆر(ئەشواق جاف)، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "عێراق نایەوێ هەرێمی كوردستانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەهێزی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی جیهان، چونكە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان پێچەوانەی پەیوەندیی عێراقە و هەرێم پەیوەندیی سەقامگیری هەیە و عێراق لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی جیهان پەیوەندیی باش نییە، دەبینین بەردەوام پەیوەندیی عێراق و هەندێ وڵات كێشەی تێدەكەوێت، عێراق هەوڵ دەدات رێگری لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و جیهان بكات، ئاشكرایشە هەر وڵاتێك هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت، ئەوا پێویستە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت، لە ماوەكانی رابردوودا چەندین وڵاتی جیهان كۆنسووڵگەریی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردەوە".
 
 (جاف) گوتیشى: "شانبەشانی هێزەكانی عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە و هەر بابەتێك دەربارەی داعش و لەناوبردنی تیرۆر بێت، پێویستە هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، بە تایبەتی ئەو چالاكیانەی پەیوەندییان بە داهاتووی مووسڵەوە هەیە، جگە لەوەی لە ئێستادا پێشمەرگە رۆژانە خوێنی خۆیان دەبەخشن بۆ رزگاركردنی مووسڵ، كورد نەتەوەیەكی سەرەكییە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەو پرسە پەیوەندیی بە ئێمەیشەوە هەیە، دەبێت (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق پێداچوونەوە بە سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا بكات، هەنگاوەكانی (ئیبراهیم جەعفەری) هیچ سوودی نابێت بۆ عێراق".
 
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێ: "وەك فڕاكسیۆنەكانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر رێگرییەكانی وەزیری دەرەوەی عێراق، (ئیبراهیم جەعفەری) بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەین، هەرچەندە لە ئێستاوە دەزانین وەڵامەكانی چین، دەبێت حكوومەتی عێراق سیاسەتی خۆی بگۆڕێت هەرچەندە عێراق لە نێوخۆی خۆیدا یەكگرتوو و ئەوەندە بەهێز دەبێت لەبەرامبەر داعش، رەفتارەكانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی عێراق هەنگاوی زۆر خراپن بۆ قۆناغی دوای شەڕی داعش و كاریگەری لەسەر رەوشی عێراق دەبێت".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار