پەرلەمانتارێكی مەسیحی: سوپاسبژێری پێشمەرگەین بۆ سەركەوتنەکەی ئەمڕۆ
__2016_10_20_h19m41s32__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی مەسیحی وێڕای دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە ڕاشیدەگەیێنێ، سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بە گرتنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوارەكانی مەسیحی بگەڕێنەوە ناوچەكەیان و ئاوەدان بكرێتەوە.
یەعقووب گورگیس نوێنەری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەی گەلانی كلد و ئاشوور و مەسیحی سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەكەین بۆ تۆماركردنی سەركەوتنەکەی ئەمڕۆ؛ چونكە زۆربەی ناوچە ئازادكراوەكان ناوچەی مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوان هەرلە ناحیەی باتماوە تا تلكێف و بەرتلە و حەمدانیە و نزیك باشیك، ئەمە شانازییەكی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە کە توانییان بە چەند سەعاتێک هەموو ناوچەكە بگرنەوە."
گورگیس دەشڵێ: "خۆمان بە قەرزاری هێزەكانی پێشمەرگە دەزانین بۆ گرتنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەركردنیان لە ناوچەكە دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەمان، كە زیاتر لە دووساڵە گەلی ئێمە ئاوارە و دەربەدەرە بە هۆی داگیركارییەوە."
قائید میرۆ




