پێشمەرگە لە تلسقۆفەوە تا چیای زەردک، تەڵەمینیان راماڵی
_(1)__2016_10_20_h19m21s12__HK.jpg)
تلسقۆف -KDP.info- فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە ١٢ تیمەوە توانیومانە هەموو ئەو ناوچانەی بۆمان دیاری كرابوون خاوێن بكەینەوە و هێزی پێشمەرگە بەو ئامانجە بگات كە بۆ دیاری كراوە.
لیوا (مەحموود كاكەیی) فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە سەعات ٧ـی ئەم بەیانییەوە ١٢ تیمی ئەندازەوانیی سەر بە هێزەكانی پشتیوانیی یەك بەشدار بوونە لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا؛ لە تلسقۆفەوە هەتا چیای زەردك هەموو ئەو تیمانە وەك هەمیشە پێش هێزەكانی پێشمەرگە ڕێیان بۆ هێزی پێشمەرگە پاك كردەوە بۆ ئەوەی بگەن بەو ئامانجەی بۆیان دیاری كرابوو. خۆشبەختانە تیمەكان هەرهەموویان سەلامەتن بەبێ هیچ زەرەر و زیانێک."
گوتیشی: "داعش بۆمبێكی زۆری ناوەتەوە، بۆیە کارمان زۆر زەحمەت بوو؛ بەڵام توانیمان هەموو ئەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگە ڕزگاری كردوونە پاكیان بكەینەوە، تەنیا چەند گوندێكی دەڤەری باشیك ماون ئەوانیش پاك دەكرێنەوە".
ڕابین شێروانی




