پێشمەرگە گەیشتە نێو سەنتەری ناحیەی باتما

ناحیەی باتما-KDP.info هێزەكانی پێشمەرگە شارەدێی باتمای شارۆچکەی تلكێفیان گەمارۆ داوە؛ فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێ، چووینەتە نێو شارەدێی باتماوە و، داعش هەر تەنیا قەناسبەدەستیان ماوە.
مقدەم (ئیدریس شەعبان) لە فەرماندەییەکەی دهۆکەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: "لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلەوە پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەیان تۆمار كردووە؛ جگە لە گرتنەوەی چوار گوندی ناوچەكە، ئێستا پێشمەرگە توانیویانە بچنە نێو سەنتەری ناحیەی باتماوە، كە شارۆچكەیەكی مەسیحینشینە؛ نیوەی شارەكە كەوتووتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا قەناسبەدەستەكانی داعشی لێ ماوە و بەرگری دەكەن."
مقدم ئیدریس گوتیشی: "لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا زیانی بێئەژمار بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە؛ وا بە دەم پێشڕەوییەوە تەرمەكانیان دەبینین. هێزەكانی هاوپەیمانانیش پاڵپشتیمان دەكەن و لە ئاسمانەوە چەكدارانی داعش بۆردومان دەكەن. پێشمەرگەیش ناوشاری شارەدێی باتمایان دەورە دراوە و، ئەوەندەی نەماوە بیگرنەوە."
قائید میرۆ




