٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان بارزانی: خاكی كوردستان بە یەكجارەكی لە داعش پاك دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ناوەران-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری مەخموور ـ گوێڕ ڕایگەیاند، داعش توشی شكەستێكی زۆر بوونە و ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هاتوونە بۆ پێشمەرگە و لەناو براون، ئیدی خاكی كوردستان بە یەكجارەكی لە داعش پاك دەكرێتەوە.

 

سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری مەخموور ـ گوێڕ لە میحوەری ناوەران بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن گوتی: "داعش توشی شكەستێكی زۆر بوونە و ئیدی خاكی كوردستان بە یەكجارەكی لە داعش پاك دەكرێتەوە؛ ئیتر خاكی كوردستان بەرنادەین و هیچ دژمننێكیش ناتوانێت پێ بخاتە سەر خاكی كوردستان."

 

گوتیشی: "ئەوە هێزی پێشمەرگە ساتری یەكەمیان بڕی بەرەو مووسڵ هەنگاو دەنێن؛ تیرۆریستان نامەردانە شەڕ دەکەن؛ پشت بە بۆمب و خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو دەبەستێت، كاتێك كە ساتری یەكەم شكێنرا و هێزی پێشمەرگە چەند كیلۆمەترێك چوونە پێشەوە، قۆناغی زەحمەت هەر ئەوە، ئەوە هێزی پێشمەرگە ئەو ساترەیان چاک شكاند، ئەوەیش هاندەرێك دەبێت بۆ قۆناغی دووەم چ بۆ هێزی پێشمەرگە، چ بۆ سوپای عێراق."

 

دەیشڵێ، ڕزگاركردنی شاری مووسڵ زۆر گرنگە بۆ ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هەروەها جگە لەوەی زۆر پێكهاتە لەو شارەدا هەن، چونكە وەك دەبینین زیاتر لە ٢٠٠ كیلۆمەتر ئێمە لەگەڵ داعشەکانی ناو مووسڵدا هاوسنوورین."

 

بەرپرسی میحوەری مەخموور ـ گوێڕ لە میحوەری ناوەرانەوە گوتیشی: "شەڕ هەر شەڕە، داعش هەر داعشە، تیرۆریستی خۆكوژە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان شەڕ لە میحوەرێكەوە بۆ میحوەرێكی دی نییە، ڕەنگە هەندێك ڕۆژ خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو زۆرتر بن؛ ئەم ئیمڕۆی حازرییە زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هاتوونە بۆ پێشمەرگە و لەناو براون."

 

سیروان بارزانی گوتی: "هیچ بەربەستێك بۆ هێزی پێشمەرگە نییە، هەر ناوچەیەك هێزی پێشمەرگە بیەوێت بۆی بچێت دەچێت و ئازادە،  بە پێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە كام شوێن بە پێویست دەزانێت و ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بپارێزێت هەتا ئەو شوێنە دەچێت".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار