چاودێرێکی سیاسی: سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە سەربەخۆیی گرەنتی دەکات

بەغدا-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، هێزی پێشمەرگە هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵێكی زۆر گەورەی هەبووە لە تێكشكاندنی داعش و توانی ئیسپاتی قارەمانێتی و بەهێزی خۆی بكات لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەگشتی و ئەوەتا لە جیهاندا بەر لە سوپای عێراق باس لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەكرێت.
پرۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە یەكەم هێز بوو دەستی بە ئۆپەراسیۆن كرد بۆ ڕزگاركردنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، ئەم ڕێكەوتنەی لەنێوان عێراق و هەرێم كرا بە سەرپەرشتی (سەرۆك بارزانی) توانیی ئۆپەراسیۆنەكە زۆر بەهێز تر بكات و پاڵپشتی لۆجیستیک زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكات و، لە هەمووشی گرنگتر هەردوو لا لەسەر ئەوە ڕێك کەوتوون هێزی پێشمەرگە لەو ناوچە كوردستانیانە ناكشێتەوە كە بە خوێن و قوربانیدان ئازادی كردوون. بە ڕزگاركردنەوەی مووسڵ هەم ئەمنیەتی ناوچە كوردستانییەكان مسۆگەر دەبێت هەمیش دووپاتی ئەوە دەكرێتەوە ناوچە ئازادكراوەكانی هەرێم ئیدی كوردستانین بە مسۆگەری."
ئەم چاودێری سیاسییە ڕونیشی كردەوە: "هێزی پێشمەرگە هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵێكی زۆر گەورەی هەبووە لە تێكشكاندنی داعش، پێشمەرگە توانیی ئیسپاتی قارەمانێتی و بەهێزی خۆی بكات لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی. ئەوەتا لە جیهاندا بەر لە سوپای عێراق باس لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەكرێت."
)د. خەلیل ئیسماعیل) جەختیشی كردەوە: "هۆكاری سەرەكی بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی هەرێم بە جیهانەوە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بووە، چونكە وجود و سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەری تیرۆردا لەدونیادا دەنگی داوەتەوە و بابەتی سەربەخۆیی كوردستان بەم سەركەوتنانە پاڵپشتی وڵاتانی گەورەی جیهانی بۆخۆی مسۆگەر كردووە."
لە ١٧ـی ئەم مانگەەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێكردووە و هێزی پێشمەرگە بەردەوامە لە ڕزگاركردنەوەی ناوچەكان لە چنگی تیرۆرستانی داعش.
سەرباز واحید




