پێشمەرگە لە تلسقۆفەوە ٤ گوندیان ئازاد كرد و ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویشیان لەناو برد

تلسقۆف -KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك دەڵێ لە میحوەری تلسقۆفەوە تا ئێستا ٤ گوند ئازاد كراون و هێزی پێشمەرگە گەمارۆی گوندی باتمایان داوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئازادی دەكەن؛ هەروەها ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویش تەقێنراونەتەوە و پێشمەرگەیش بێزیانە.
(تارق هەرنی) فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆفەوە ١٠ كیلۆمەتر چووەتە پێشەوە و ٤ گوندمان گرتووەتەوە؛ دەورەمان لە گوندی باتما داوە و، بەم نزیکانە ڕزگاری دەكەین. زۆربەی ڕێگە سەرەكییەكانیش لە داعش پاك كراونەتەوە."
گوتیشی: "داعش بەرگری ناكات، تەنیا لە ڕێگەی خۆكوژ و ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش دەكاتە سەر هێزی پێشمەرگە، كە تا ئێستا چەند داعشێك لەناو براون، لەگەڵ ئەوەی ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو پێش ئەوەی بگەنە هێزی پێشمەرگە لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێنراونەتەوە و لەناو براون و ئەو پلانەی دانراوە لە ماوەیەكی نزیكدا بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە كۆتایی پێ دێت."
ڕابین شێروانی




