كەركووكی: سەركەوتنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵدا، زۆر گرینگ بوو

كەركووك -KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك دەڵێ، ئەم سەركەوتنەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵدا، وەکو سەرکەوتنەکانی جاران، زۆر گرینگ بوو؛ پێشمەرگە پەیتاپەیتا سەركەوتن تۆمار دەكات و هەر پێشمەرگەیش بوو توانیی بە ئۆپەراسیۆنە سەركەوتووەكانی ئەفسانەی داعش تێك بشكێنێت و ببێتە نموونەیەكی بەهێز و بەرز لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
(د.كەمال كەركووكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم سەركەوتنەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵدا، زۆر گرینگ بوو، هاوشێوەی سەركەوتنەكانی پێشوو كە لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، بەدەست هاتوون. پێشمەرگە سەركەوتن لە دوای سەركەوتن تۆمار دەكات، هەر پێشمەرگەیش بوو توانییان بە ئۆپەراسیۆنە سەركەوتووەكانیان ئەفسانەی داعش تێك بشكێنن و ببنە نمونەیەكی بەهێز و بەرز لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. دڵنیایشین هێزی پێشمەرگە لەمەولا سەركەوتنی زۆر گەورەتر بەدەست دێنێت."
ئەم فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ڕایشیگەیاند: "هێزی پێشمەرگە لە دنیادا یەكەم هێز بوو توانیی لەسەر خاكدا مەترسیی تیرۆری داعش تێك بشكێنێت، لایەنەكانی تریش پاشان چاویان لە پێشمەرگە كرد و لەسەر خاك بەشێوەیەكی مەیدانی ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەوە."
(كەركووكی) جەختیشی كردەوە: "سەقامگیریی ڕەوشی ناوچە ئازادكراوەكان ئەو كاتە دێتە دی كە بە عەدالەت كێشەكان چارە بكرێن، ئەم عەدالەتەیش كاتێك دروست دەبێت كە پێكهاتەكان هەست بكەن مافیان بۆ گەڕاوەتەوە و بە مافی خۆیان گەیشتوونە؛ پێویستە هەرێم بەردەوام بێت لە دیالۆگ لەگەڵ عێراقدا و ئەوانیش دەبێت ددان بە مافەكانی كورددا بنێن، كە مافێكی یاسایی و دەستووری خۆمانە بتوانین بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین."
دەشڵێت: "دوای ئەم هەموو شەهید و قوربانیدانەی هێزی پێشمەرگە، ماقووڵ نییە سوپایەکی شكاو کەوا خەڵكەكەی بەجێ هێشتووە، ئەم ناوچە كوردستانیانەی ئازاد كراون ڕادەستی بكرێتەوە. پێشمەرگە جارێكی تر ژیان و داهاتووی خەڵك كە لە مەرگ ڕزگاریان بووە، ڕادەستی هیچ هێز و سوپایەك ناكاتەوە. بە دیالۆگ و گفتوگۆیش، دەكرێ سەرجەم كێشەكان یەكلا ببنەوە."
سەرباز واحید




