سوپاسالاری پێشمەرگە: پلانێكی تۆكمە بۆ هێرشكردن دانراوە.. تەنیا ٧ كیلۆمەتر دەمینێت بگەنە مووسڵ

باشیك-KDP.info- سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت، هێزی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆ پلانێكی تۆكمەی داناوە و، تاوەكو ئێستایش پێشڕەوییەكان بەپێی ئەو پلانە بەرێوە دەچن.
فەریق (جەمال ئێمینكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە هێرشی سەر داعشی كردووە، ئەوانیش تلسقۆف، ناوەران و باشیكن و تا ئێستایش پێشڕەوییەكان زۆر باش بەڕێوە دەچن وناوچەیەكی زۆر ئازاد كراوە، بە تایبەت لە ناوەران".
(ئێمینكی) گوتیشی، داعش ورەی ڕووخاوە و هێزی پێشمەرگە بەوپەڕی ورەبەرزیەوە هێرش دەكات، هەرچەندە تیرۆریستانیش لە هەندێك گوند بەرگری دەكەن، بەڵام كاریگەری نییە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم جارە پلانێكی تۆكمە بۆ هێرشكردن دانراوە و، هێزی پێشمەرگەیش بەپێی ئەو پلانەی بۆیان دانراوە، هێرشەكە ئەنجام دەدەن و پێشڕەوی دەكەن.
سوپاسالاری پێشمەرگە باسی لەوەیش كرد، هێزی پێشمەرگە بە جێبەجێكردنی ئەو پلانە، زۆر لە مووسڵ نزیك دەبێتەوە، بە جۆرێك لە هەندێك شوێن تەنیا ٧ كیلۆمەتر دەمینێت بگەنە مووسڵ.
بڵند ئیبراهیم




