شەش گوندی دیكە ئازاد كران و باشیكیش گەمارۆ دراوە

باشیك-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك ڕایگەیاند، لە میحوەری باشیك شەش گوند ئازاد كراون و باشیكیش گەمارۆ دراوە.
لیوا (بەهرام عەریف یاسین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك بەرەو دووڕێیانی دەراویش دەكرێت و كە گەییشتینە ئەوێ، نێوان باشیك و مووسڵ بە یەكجاری دەبڕدرێت، بۆیە ئێستا باشیك گەمارۆ دراوە و لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت".
لیوا (بەهرام) گوتیشی: "داعش هەموو توانای سەربازیی خۆیان بۆ ناو باشیك دانابوو، بەڵام پلانی ئێمە بۆ ئەوان چاوەڕواننەكراو بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە لەپشتەوە بۆیان سووڕاینەوە، بۆیە لە ئێستادا ئەوانەی ناو باشیك ناتوانن رابكەن و دەكوژرێن و ورەیان ڕووخاوە".
دەشڵێ، داعش تاوەكو ئێستا هیچ بەرگرییەكی نییە و ناتوانن هیچ بەرگرییەكیش بكەن.
باسی لەوەیش كرد، شەش گوند ئازاد كراون، لەوانە: كانوونە، فازڵییە، پیرحەلان، باریمە، خراپ دلین، مەزاری ئیمام رەزا و باجیۆق.
بڵند ئیبراهیم




