"ئەندازەی سەربازی لە ڕێگەی 10 تیمەوە، ڕێگە بۆ پێشمەرگە پاك دەكاتەوە"

باشیك-KDP.info- تیمەكانی ئەندازەی سەربازی، بە زیاتر لە 10 تیمەوە هەر لە بەنداوی مووسڵەوە تا باشیك سەرقاڵی لابردنی بۆمب و پاشماوەی داعشن و، ڕێگە بۆ هێزی پێشمەرگە دەكەنەوە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بكەن و بگەنە ئەو شوێنانەی كە بۆیان دیاری كراوە.
لیوا (مەحموود كاكەیی)، فەرماندەی كەتیبەی ئەندازەی سەربازیی سەر بە فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تیمەكانی ئەندازەی سەربازی، بە زیاتر لە 10 تیم هەر لە بەنداوی مووسڵەوە بگرە تا باشیك بەسەر میحوەرەكاندا بڵاو بوونەتەوە بۆ ئەوەی هەر بۆمبێك، یان شتێكی دیكە ببینن كە دەبێتە ڕێگر لە بەرەوپێشچوونی هێزی پێشمەرگە، لاببەن و ڕێگەكە بۆ هێزی پێشمەرگە بكەنەوە".
(كاكەیی) گوتیشی: "داعش زۆر بۆمبی داناوە، بە تایبەتی لە میحوەری ناوەران، بەڵام ئێستا تیمەكانی ئێمە كاری خۆیان دەكەن و هێزی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەچێت، هەروەها خەندەق و ساتریان داناوە، بەڵام هەموو ئەمانە لا دەبەین و بەرەو پێشەوە دەچین".
رابین شێروانی




