حەمید ئەفەندی: پێشمەرگە ڕانەوەستاوە و، هێرش دەکاتەوە سەر داعش

باشیک-KDP.info- فەرماندەی میحوەری باشیک دەڵێ، ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ھێرشکردنە سەر داعش و ئەوەندەی نەماوە هێرش بکەنەوە؛ ڕەتیشی دەکاتەوە کە لەسەر داوای تورکیا ھێرشکردن لەو میحوەرە ڕاگیرابێت.
حەمید ئەفەندی فەرماندەی میحوەری باشیک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە لە میحوەری ئێمە کراوە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەست پێدەکات."
حەمید ئەفەندی گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن بەھۆی تورکیاوە لە میحوەری ئێمە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ ڕاگیراوە، ڕاست نییە و ئێمە تەنھا فەرمان لە سەرکردایەتیی خۆمان وەردەگرین و، لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیکدا ھێرشکردن دەست پێدەکات و، وەڵامی ئەو دەنگۆیە دەدەینەوە."
ئەفەندی ڕوونیشی کردەوە: "لە میحوەرەکەی ئێمەوە تەنھا ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەکات و، جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێزێکی دیکەی لێ نییە."
جەختیشی کردەوە، داعش دەزانێت کە ھێرشیان دەکەینە سەر، بۆیە تووشی ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر بوونە و دەزانن ئاخریانە.
بڵند ئیبراھیم




