بەغدا، هێشتا هاوکاریی تیمەكانی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگەیان نەكردووە

خازر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، تیمەكانی تەندروستی ئامادەكاریی تەواوی خۆیان كردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئازادكردنی ناوچەكان و، وەزارەتی بەرگریی عێراقیش تا ئێستا هیچ هاوكارییەكیان نەكردوون.
لیوا (موحسین محەممەد ڕەشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها گشت تیمەكانمان لە بەرەكانی جەنگن لە سەرانسەی ئەو شوێنانەی كە شەڕ هەیە و، بەشدارن لەگەڵ برا پێشمەرگەكان. یەكەی پزیشكییمان هەیە، لەگەڵ لیواكانیش كارمەندی تەندروستیی خۆیان هەیە و ئامادەن و كاروباری خۆیان دەكەن، هەروەها تیمی پزیشكیی باشمان ڕەوانە كردووە لەگەڵ ئامبۆڵانسی باش كە ئێستا هەموویان لە بەرەكانی جەنگ ئامادەن".
لیوا (موحسین) گوتیشی: "ئامادەكاریی تەواوی خۆمان كردووە لەلایەنی پزیشكییەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ تەندروستیی هەولێر و دهۆك و سلێمانی".
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی هاوكاریی عێراقەوە لە رووی پزیشكییەوە، گوتی: "هاوكاریی ئێمەیان نەكردووە و هیچ شتێكیان بۆمان نەهێناوە، نە دەواودەرمان و نە ئەمبۆڵانسیش، بە پێچەوانەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق داوا لە ئێمە دەكات هاوكارییان بكەین و پشت بە ئێمە دەبەستن، لە كاتێكدا چەندین ساڵە هیچیان بۆمان نەكردووە كە هەموو كات داوامان لەوان كردووە، بەڵام هیچمان پێ نادەن و لە هەمان كاتیشدا هیچ بریندارێكیان بۆمان چارەسەر نەكردووە، بە پێچەوانەوە ئێمە بریندارانی ئەوانمان لە هەرێمی كوردستان چارەسەر كردووە".
نەشوان بەرزنجی




