ڕۆمیۆ هەكاری: مەسیحییەكانی دەرەوەش دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان
_(1)__2016_10_18_h16m28s25__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ سوپای عێراق بەرەو ناوچە مەسیحینشینەكانی دەشتی نەینەوا پێشڕەوی كرد؛ سەركردەیەكی مەسیحییەکانیش دەڵێ، هاوڵاتیانی مەسیحی ناوخۆ و دەرەوە چاوەڕێن ناوچەكانیان كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر ناوچەكانیان.
ڕۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی بەیتنەهرێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەلی مەسیحی و ئاشوری دڵخۆشن بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و شاری مووسڵ، چونكە بەوهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠هەزار هاووڵاتی مەسیحی دەربەدەربوونە و لە ژیانێكی ناخۆشدا دەژین، بەو هۆیەوە ئێمە بە گرنگییەوە دەڕانینە گرتنەوەی مووسڵ و دەشتی نەینەوادا کە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی فیدراڵ خەریکە بیگرنەوە."
هەكاری ڕاشیگەیاند: "دوای هێرش و داگیركاری داعش لە ناوچە مەسیحینشینەكانی نەینەوا بە هەزاران مەسیحی ئاوارە و پەراگەندەی وڵاتان بوونە و ئێستا چاوەڕێین ناوچەكانیان بگرنەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان؛ ئەو دەنگویانەیشی باس لەوە دەكەن مەسیحی ناگەڕێنەوە لە دەرەوەی وڵات هیچ ڕاست نییە، بەپێچەوانەوە هەموو تاكێكی مەسیحی پەنابەر و ئاوارە خۆیان ئامادە كردووە بۆ گەڕانەوە."
قائید میرۆ




