حکوومەت دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە پارە و داهاتی سلێمانی بکات... لێژنەکە پەکی کەوت

سلێمانی-KDP.info- ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بە پەککەوتنی لێژنەی ئاشکراکردنی داهاتەکانی سلێمانی دەکەن و پێیان وایە کە حکوومەت دەبێت بە خۆی لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بکات.
زیاد کاکەڕەزا، سەرۆکی لیستی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەری فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لێژنەی لێکۆڵینەوە لە چەندوچۆنی داهاتی سلێمانی هەڵوەشایەوە چونکە یەکێک لە ئەندامەکانی دەستی لەکار کێشایەوە؛ واتە دوو ئەندام ماونەتەوە؛ ئێمەی پارتی وەختی خۆی باسمان لەوە کردووە کە بەشداری ئەو لێژنە نابین بەو نیەتەی نەبێتە زۆری و بێسەروبەری؛ بۆیە دەکرێت چەند ئەندامێک بن خۆیان بە نوێنەراتی سەرجەم لایەنەکان لێکۆڵینەوەی خۆیان بدەن، ئەوەشی ئێستا هەندێک لایەن دەڵێن پارتی هۆکار بووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێژنەیە ڕاست نییە، چونکە پارتی دەرگای بۆ سەرجەم ئەندامان کردەوە کە لێکۆڵینەوە بکەن، لە داهاتی سلێمانی و کەسیش پێی نەگوتووین بەشدار بن لە لێژنەکە تا ئێمە بڵێن بەشداری ناکەین".
مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هیچ شتێک نییە لەم کوردستانەدا سیاسەتاوی نەکرابێت؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێژنەیەش سیاسی بووە؛ داواشمان کردووە بە وردی بەدواداچون بکرێت لەسەر داهاتی پارێزگای سلێمانی."
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەبێت ڕوون و ڕاشکاوانە داهاتی سلێمانی ئاشکرا بکرێت و بەدواداچوونی لێ بکرێت؛ ئەگەر لێژنەکە هەڵوەشاوەتەوە حکوومەت دەتوانێت خۆی بەدواداچوون بکات و سەرجەم ڕێکارەکان بگرێتە بەر".
کارزان سەباح هەورامی




