پەرلەمانتارێكی پارتی: پارتی پێشنیاری نوێی هەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری نوێی هەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان؛ ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ پارتی لەگەڵ ئەوەیە كۆبوونەوەی پەرلەمان لە تەلاری پەرلەمان بكرێت بە مەرجی بەشدارینەکردنی دەستەکەی جارانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
حەیات مەجید ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "پارتی بەهیچ شێوەیەك بەشداری كۆبوونەوەی سبەی نابێت گوایە لە نووسینگەی سلێمانیدا بەڕێوە دەچێت، چونكە ناگەینە هیچ ڕێكەوتنێك بۆ ئەوەی كۆ ببینەوە، تەنانەت ئێمە ئیتر دكتۆر یووسف بە سەرۆكی پەرلەمان نازانین."
حەیات مەجید دەشڵێ: "پارتی پێشنیاری نوێی كردووە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەویش ئەوەیە كۆبوونەوەكە لە نێو پەرلەمانی كوردستاندا بكرێت، بە مەرجێك دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەشدار نەبێت لەو كۆبوونەوەیەدا؛ فراكسیۆنەكان چ بڕیارێك لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بدەن ئەوە پارتی هەڵوێستی ئەرێنی دەبێت و بە دڵنیاییەوە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمان كۆ ببێتەوە بەو مەرجەی دەستەی ئێستای سەرۆكایەتییەکەی بەشدار نەبێت."
قائید میرۆ




