جەمال مۆرتكە: تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نەماوە.. خەریكی راكردنن

گوێڕ-KDP.info- بەرپرسی میحوەری گوێڕ دەڵێ، پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ خراوەتەوە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، سوپای عێراقیش بە گرتنەوەی گوندی سەلامییە، تەنیا پێنج كیلۆمەتری دەمێنێ بچێتە نێو سەنتەری شاری مووسڵەوە. دەشڵێ، تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نەماوە و وا خەریكی راكردنن.
(جەمال مۆرتكە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ پێشڕەوییان نەكردووە، بەڵام خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی سوپای عێراق بتوانێ سەركەوتوو بێت و تەنیا پێشمەرگەیش پشتیوانیی سوپا دەكات لە هێرشەكاندا. دوێنێ و ئەمڕۆیش چەند گوندێكی میحوەری گوێڕ كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە و بڕیارە تا گوندی سەلامییە سوپا پێشڕەوی بكات، بە گرتنەوەیشی تەنیا پێنج كیلۆمەتر دەمێنێت بۆ نێو شاری مووسڵ".
(مۆرتكە) دەشڵێ:" داعش هیچ ورەیەكی نەماوە بۆ بەرگریكردن و تەنیا لە رێگەی دانانی بۆمبەوە دەیەوێ رێگری لە پیشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بكات، تەنیا داعش مەبەستی ئەوەیە كاتەكە بكوژێت و درەنگ بچینە نێو شاری مووسڵ، ئەگەرنا چەكدارانی ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و هەر خەریكی راكردنن".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ ئاماژەیشی دا: "هێزی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری گوێڕ پێشڕەوی ناكات تا فەرمانی سەرووی خۆمانمان بۆ دێت، پلانەكە تەنیا بۆ گرتنەوەی چەند گوندێكی عەرەبنشینە و گوندە كوردییەكان پێشتر ئازاد كراون".
قائید میرۆ




