٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکرەم شەریف: زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەن، دووبەدوو پشتم دەگرن، کەچی کاری نایاسییش دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- کاندیدی پێشووی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت، نایاساییە. گوتیشی، "من بەشداری ناکەم، ئەو ئەندامانەیشی دووبەدوو پێم دەڵێن، نایاساییە ئێستا بە یاساییان کردووە و ئەوانیش بەشدارن."


(ئەکرەم شەریف) ئەندامی ئەنجوومەنی سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گوایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سلێمانی ھەیە، من بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەم. سەرنجم ھەبوو لەسەر نایاساییبوونی ئەو دەستەی سەرۆکایەتییە، چونکە ئەوان ئیدارەی کۆبوونەوەکەیان دەدا بایکۆتی کۆبوونەوەکەم کردووە و بەشدار نابم. (١٦-١٠-٢٠١٦) سەرنج و بێدادیی خۆمم داوەتە (کاک ئازاد و کاک ئەنوەر)؛ بۆیە بە(کاک) ناویان دەبەم، چونکە بە سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنیان نازانم، تا ئەوکاتەی دادگای کارگێڕی داواکەی من پلەی کۆتایی وەردەگرێت. بۆ ئەم مەبەستە وێنەم داوەتە تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرجەم فراکسیۆنەکان."

وەک (شەریف) دەڵێ، لە سەرنجەکەیدا دا ئاماژەی داوە بە کۆبونەوەی (١٨-١٠ -٢٠١٦)، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە لە دادگای کارگێڕی پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، بەپێی پێڕۆی ناوخۆ و بەپێی یاسا، پێویستە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەن بکات، نەک ئەوانەی بەنایاسایی دەڵێن سەرۆک و جێگرن؛ جا نەک ئەم کۆبوونەوەیەش ھەموو ئەو دانیشتنانەی لە ئایندەدا دەکرێـن، بە ڕاستی نازانێ چونکە سەرنجی یاسایی لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ھەیە.

(ئەکرەم شەریف) نایشارێتەوە کە لە دیدار و گفتوگۆ دووقۆڵییەکانی لەگەڵ هەندێکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئەوان جۆرێکی قسەی بۆ دەکەن و دەڵێ "زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن پێشوەختە و بە شەخسی، لە دانیشتنی دووبەدوودا دەڵێن "بەڵێ داوای تۆ یاساییە"، کەچی ئێستا لە کۆبونەوەیەکی نایاساییدا بەشدارن. ھەر ئەندامێکی ئەنجوومەنیش وتەکانی من بە نایاسایی دەزانێت با ڕاستەو خۆ بڵێ. خۆ سەرۆکی لێژنەی یاسایی بە بەرچاوی ھەموو کوردستانەوە لە ( ٢٥-٨-٢٠١٦)ـدا گوتی لە کۆبوونەوەیەکدا بەشدار نابم کە نایاسایی بێت، کە بڕیاری نایاسایی تێدا بدرێـت، باشە پێویستە پرسیار بکرێت لە سەرۆکی لێژنەی یاسایی، ئەوکات چیت دەگوت ئێستایش چی دەڵێی؟، ئەی مەبەست چییە ئەوکات نایاسایی بوو ئێستا یاساییە؟، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیا و سۆشیال میدیا کە، دەستەڵاتی چوارەمن، حەقە ڕێگە نەدەن بابەتی وا تێپەڕێت، ئاخر سەرجەم ئەندامانی حیزبەکان لە ئەنجوومەن بڕیارمان داوە و سوێندمان خواردووە کاری نایاسایی نەکەین و نوێنەری ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەران بین کە دەنگیان پێمان داوە، بەڵام ئەو وڵاتە ھەمووی خەوتووە!، نازانن چ پلانێکیان لە دژ دەگوزەرێ."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەروەها گوتی، "لەم بابەتەدا سەرجەم حیزبەکان کەمتەرخەمن. ئەم پرسە پەیوەندی بە پارتی و حزبەکانی تریشەوە نییە، بەڵکو ئەمە بە پرسێکە پیوەندی بە خەڵکی سلێمانییەوە هەیە، باشە بۆ دەتانەوێ بابەتێکی نایاسایی بە یاسایی بکرێ؟، بۆ قبووڵی دەکەن؟."

ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگا لێژنەیەکیان پێک‌ھێنا بۆ بەدواداچوونی داھاتی سلێمانی لە سەرجەم فەرمانگەکانی سلێمانی، بەڵام لێژنەکەیان ھەڵوەشاندەوە.
(ئەکرەم شەریف) لەوبارەوە گوتی: "بە ھۆی ڕازینەبوونی ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕان کە ئەندام بوو لە لێژنەکە و پێشتر ڕازی بووە، کەچی دواتر ئەندامەکەی گۆڕان ھەڵوێستی خۆی گۆڕی و کشایەوە لە لێژنەکە. ئەمە پەیوەندی بە پرسی سیاسیی نێوان ئەو دوو لایەنەوە ھەبوو کە سەرۆکی لێژنەکە ئەندامێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو، بەڵام دوای کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی لێژنەکە ئەنجامی دا، گرژیی سیاسی کەوتە نێوان سەرۆکی لێژنەکە و ئەو ئەندامەی گۆڕان، چونکە سەرۆکی لیژنەکە کە (ڕێکەوت زەکی) بوو، لێدوانی دا لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەربارەی داھاتی سلێمانی  و گوتی "ئەم پرسە پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕانەوە ھەیە"، لەسەر ئەم پرسە ئەندامەکەی گۆڕان کشایەوە، بۆیە دەبێت خەڵک ڕاستییەکان بزانن."
فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار