حەفتەی دابێ، دەنگ لەسەر هەشت بەڕێوەبەری شارەدێ دەدرێت

هەولێر-KDP.info- بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ ببێتەوە و دەنگ لەسەر هەشت بەڕێوەبەری نوێ بدات، بەڵام بۆ حەفتەی دابێ دوا خرا.
(كەنعان خەیلانی)، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە بە نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دانانی هەشت بەڕێوەبەری شارەدێ ئاگادار كراوەتەوە و ناوی هەشت كەس وەك پاڵێوراو بۆ پۆستی هەشت شارەدێ رەوانەی ئەنجوومەن كراوە، بڕیار بوو ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ ببێتەوە و دەنگ لەسەر ئەو بەڕێوەبەرانە بدات، بەڵام بە هۆی ئەوەی یەك دوو دانیشتن ماون، تا هەموو ئیشوكارەكان تەواو بن، بۆیە دانیشتنەكە بۆ حەفتەی دابێ دوا خرا".
(خەیلانی) گوتیشی: "بەرنامەی پارتی هەر لە سەرەتاوە ئەوە بووە پێویستمان بەوە بووە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم بكرێت، ماوەیەكە ئەو پرۆسەیە دەستی پێ كردووە، پێشتر قایمقامەكان گۆڕدران، لە داهاتوویشدا بەڕێوەبەرەكان و بەڕێوەبەری گشتی دەگۆڕدرێن، ئێدی پرۆسەكە دەستی پێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت".
ڕابین شێروانی




