نێچیرڤان بارزانی UNHCR دۆخی ئاوارەكان تاوتوێ دەكەن

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، كۆمیسیاری باڵای نوێی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی لەسەر شانیانە، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانیان حەواندووەتەوە و هاوكارییان کردوون، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیدەزانێ و ئەم ڕۆڵە بەرز دەنرخێنێ.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18-10-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (فلیپۆ گراندی) كۆمیسیاری باڵای نوێی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، (گراندی) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی لەسەر شانیانە، توانیویانە پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكارییان پێشكەش بكەن و ئەم كارەی حكوومەتی هەرێمی بە جێگەی ڕێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستان كرد كە چاوەڕوان دەكرێت بەهۆیەوە ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. سوپاسی حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە چەندین شوێنی بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانە ئامادە كردووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانن پێداویستییەكانی ئاوارەكان دابین بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەى كرد و, هیوای سەركەوتنی بۆ (گراندی) خواست لە ئەركە نوێكەیدا كە هەر لە نەوەدەكانەوە لە هەرێمی كوردستان بووە و شارەزاییەكی باشی دەربارەی هەرێمی كوردستان هەیە و، پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ كار و ئەركەكانی خۆی و UNHCR دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیی ئاوارهكان، چونكە ئەوەی ئێستا لە توانای هەرێمی كوردستاندایە ئەوەیە شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكات و بەهۆی ئەو بارە قورسەی ڕووبەڕووی بۆتەوە؛ ناتوانێت وەك پێویست هاوكارییان پێشكەش بكات.
سەرۆكوەزیران هەروەها باسی لە ڕەوشی ناوچەكە و دواپێشوەچوونەكانی ئۆپهراسیۆنى ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش كرد و، دووپاتی كردەوە كە پێویستە پلانێكی سیاسی و ئابووریی تۆكمە بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی شارەكە بە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان دابڕێژرێت بەتایبەتی لە ڕووى ئاسایش و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوە و مرۆییەوە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ژیان و ماڵ و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
تاوتووكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




