لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەت، تەرمی چوار كۆچبەری دیكە دەگەڕێندرێنەوە هەرێم

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی پەنابەر و رەوەندی كورد لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران دەڵێ، بڕیارە لەم حەفتەیەدا تەرمی چوار كۆچبەری دیكە لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێنەوە هەرێم.
(نەزهەت حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مانگی رابردوو لە نێوان بولگاریا و ئەڵمانیادا، خێزانێكی شەش کەسی لە دەریاچەدا تووشی ڕووداوێك بوون؛ تەنیا دایك و باوكیان رزگاریان بوو، كە دواتر دوو تەرمی خەڵكی شێخان و دوو تەرمی دیكەیش كە خەڵكی سۆرانن دۆزرانەوە و بڕیارە بگەرێندرێنەوە. هەموو ئامادەكارییەك و رێكارەكانیان تەواو بوونە و تەنیا ماوە تەرمەكانیان رەوانە بكرێنەوە".
گوتیشی، چاوەڕوان دەكرێت سبەی تاوەكو رۆژی پێنجشەممە ئەو چوار تەرمە لە رێگەی فڕگەی نیودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
(حوسێن) باسی لەوەیش كرد، هێنانەوەی ئەو چوار تەرمەی كۆچبەران لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.
بڵند ئیبراهیم




