٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنەكان لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە، هۆكاری جێبەجێكردنی سەدا سەدی پلانەكانە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ بە سەركەوتوویی بە كۆتا هات و 9 گوند ئازاد كران، شارەزایەكی بواری سەربازییش دەڵێت: "سەركەوتن و ئازادكردنی ئەو گوندانە لەو ماوە كەمەدا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، ناووبانگێكی تری نێودەوڵەتی دروست كرد بۆ پێشمەرگە و، سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنەكانیش لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە، دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی لە سەدا سەدی پلانەكان".

عەقید روكن (مەسعوود ساڵح)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "یەكەم جارە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی عێراقی بەشداری ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەكات، ئەمەیش پاش ئەوە هات كە پێشمەرگە زیاتر لە 1050 كیلۆمەتر بەرگری كرد بە شێوەیەكی سەربازیی تۆكمە، هەروەها پێشمەرگە سەرپەرشتیی پێنج میحوەر دەكات بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، ئەمەیش وای كردووە هێزی عیراقی ناچار بێت هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بكات، چونكە شەڕی مووسڵ وەكو ئازادكردنی ڕەمادی و فەلووجە نییە و بە چەند قۆناغێك دەكرێت، وەك ئەو نۆ گوندەی كە دوێنێ ئازاد كران كە قۆناغی یەكەم بوو".
ئەو شارەزایەی بواری سەربازی گوتیشی: "دوای قۆناغی یەكەم، قۆناغی (ب) دەست پێ دەكات و تێیدا پلان دادەنرێت چۆن هێزەكانی پێشمەرگە بتوانن هێڵێك بۆ ئاوارەكان دروست بكەن و ئەگەر هاتو زۆر بوون، چونكە هێزێكی باوەڕپێكراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، دواتریش پێشمەرگە چۆن پاڵپشتیی ئەو هێزە دەكات كە دەچێتە نێو مووسڵ، چونكە لە قۆناغی دووەم هێزی دژەتیرۆر شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دەكات و شەڕێكی گەورەیە و، زیاتر لە ملیۆن و نیوێك هاووڵاتیی سڤیل لەنێو مووسڵە".

(ساڵح) دەیشڵێت: "سەركەوتن و ئازادكردنی 9 گوند لەو ماوە كەمەدا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، ناووبانگێكی تری نێودەوڵەتیی دروست كرد و، وەك بینیمان زیاتر لە 32 كەناڵی نێودەوڵەتی چاویان لەسەر میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگە بوو، خالێكی گرینگی سەركەوتنی پێشمەرگەیش ئەوەیە، جاری یەكەم نییە ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی خاكی خۆی دەكات وەكو لە ئازادكردنی عیراق پێشمەرگە هەماهەنگیی دروست كردبوو لەگەڵ هاوپەیمانان و ئێستایش بەرفراوانتر بووە".
لەبارەی رۆڵ و سەپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) لە ئۆپەراسیۆنەكاندا، گوتی: "هەر ئۆپەراسیۆنەك كە (سەرۆك بارزانی) سەرپەرشتیی كردووە، سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە بە رێژەی 90 لە سەد زیادی كردووە، چونكە (سەرۆك بارزانی) كاریزمایەكی مەعنەویی بەهێزە بۆ پێشمەرگە، هەروەها سەرپەرشتیی ئەو پلانانە دەكات تا پلانەكە تووشی هیچ هەڵەیەك نەبێت و لە سەدا سەد جێبەجێ بكرێت، هەروەها نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێشمەرگە، چونكە (سەرۆك بارزانی ) هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە ژیانی پێشمەرگە و خەڵكی سڤیلیش بپارێزرێت".

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار